ئێران هۆشداری دەداتە لایەنگرانی لە دوایین رۆژەکانی سەرۆکایەتیی ترەمپ

دوو بەرپرسی باڵای عێراق، دەقی پەیامەکەی ئێران ئاشکرا دەکەن

K24 - هەولێر

دوو بەرپرسی عێراقی دەڵێن ئێران هاوپەیمانەکانی لە سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادارکردووەتەوە لەوەی بەهیچ شێوەیەک کێشە و ئاڵۆزی لەگەڵ ئەمەریکا دروستنەکەن، چونکە رەنگە ترەمپ لە دوایین هەفتەکانیدا وەک سەرۆکی ئەمەریکا، دەست بە هێرش بکات.

ئەو داواکارییە، هەفتەی رابردوو لەلایەن بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە لە هاوپەیمانانیان لە بەغدا کراوە. ئەمە، گەورەبوونی ترسێک نیشاندەدات لە کارە چاوەڕواننەکراوەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێش رادەستکردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بە جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە دوو مانگی داهاتوودا.

بەگشتی هاوپەیمانانی ئێران دڵخۆشن بە سەرکەوتنی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، هۆکاری ئەمەش بۆ هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر ئێران دەگەڕێتەوە.

ترەمپ سەرەتای ئەمساڵ فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی دەکرد، کە لە 3-1-2020 لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمەریکا لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانج و کوژرا، لەبەرامبەردا ئێران مووشەکی بالیستی ئاراستەی سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق کرد و دەیانی بریندار کردن.

ترەمپ هەروەها تاکلایەنە لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک کشایەوە، بۆ ئەوەی رێگە لە ئێران بگرێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، هەروەها دووبارە ئابڵۆقەی خستەوە سەر ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی شکست پێبهێنێت. لەوکاتەوەش، ئێران هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، هەرچەندە هەموو هێزە جیهانییەکان لە هەوڵدان بیوەستێنن لەم کارە.

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، پلانی ئەوەی هەیە؛ دووبارە ئەمەریکا بخاتەوە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، یان دووبارە دەست بە دانووستاندن بکاتەوە لەگەڵ ئێران بۆ دانانی مەرجی نوێ.

بەڵام ترسی ئێران لەوەیە؛ رەنگە ترەمپ رەتیبکاتەوە دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکدا بنێت، یان رەنگە لە دوایین رۆژەکانی سەرۆکایەتییەکەی، هێرش بکاتە سەر دوژمنانی ئەمەریکا لە دەرەوەی وڵات.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، راوێژکاری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەسیۆشەیتد پرێس هۆشداری دا "هەر هێرشێکی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، دەکرێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکە". حوسێن دەهقان هەروەها رایگەیاند "ئێمە شەڕمان ناوێت، لەدوای ئەوەوە نین دەست بە جەنگ بکەین".

ئەو ترسەی ئێران بنەمایەکی پتەوی نییە، چونکە ترەمپ فەرمانی کردووە ژمارەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ئەفغانستان کەمکرێتەوە، بەڵام ترسەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە کار و بڕیارەکانی ترەمپ چاوەڕواننەکراون، بەجۆرێک دوو رۆژ بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، ترەمپ، مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی دەرکرد.

دوو مانگ ماوە بۆ ئەوەی ئیدارەی بایدن دەستبەکاربێت، بەگوتەی دوو سیاسەتمەداری باڵای شیعە لە بەغدا؛ جەنەراڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، واتا شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانی، هەفتەی رابردوو لەگەڵ میلیشا عێراقییەکانی سەر بە ئێران لە بەغدا کۆبووەتەوە و داخوازییەکەی ئێرانی پێگەیاندوون.

ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی عێراق بە مەرجی ئەوەی ناویان نەهێندرێت، قسەیان بۆ ئەی بی سی نیوزی ئەمەریکی کردووە و دەڵێن پەیامی ئێران ئەوە بوو: دابنیشن بۆ ئەوەی هەلی ئەوە نەدەنە ترەمپ دەست بە گەڕێکی نوێی تووندوتیژی بکاتەوە. هەروەها پەیامیان بۆ میلیشیاکانیان ئەوە بووە: هێور بن و ئێستا هێرش مەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

یەکێک لەو دوو سیاسەتمەدارە عێراقییە، لەسەر زاری قائانی دەڵێ "بەڵام ئەگەر تووندووتیژییەکە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە ئەنجامدرا، وەڵامی ئێران هاوشێوەی جۆری هێرشەکەی ئەوان دەبێت".

لەدوای تەنیا چەند کاتژمێرێکیش لە پەیامەکەی قائانی، لەکاتێکدا هێشتا ئەو لە بەغدا بوو، ژمارەیەک مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران، لەدووری چەند سەد مەترێک لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کەوتنە خوارەوە و بوونە هۆی کوژرانی منداڵێک.