ترشی فۆلیک مەترسی تووشبوون بە ئۆتیزم کەم دەکاتەوە
وەگرتنی فرە ڤیتامینەکان و ترشی فۆلیک لە کاتی دووگیانیدا، مەترسیی تووشبوونی کۆرپەلە بە نەخۆشی ئۆتیزم بە ڕێژەی 30% کەم دەکاتەوە.
بە گوێرەی ئەنجامی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری "PLOS One"دا بڵاوکراوەتەوە، خواردنی (ترشی فۆلیک) و تەواوکەری خۆراکی (Multivitamins) لە کاتی دووگیانیدا، ڕەنگە مەترسی تووشبوونی منداڵان بە ئۆتیزم بە نزیکەی سێیەکی (1/3) کەم بکاتەوە.
بە گوێرەی ئەم بەدواداچوونە زانستییە، توێژینەوە لەسەر هەر تەواوکەرێکی خۆراکی بە جیا کراوە و دەرکەوتووە، خواردنی فرە ڤیتامینەکان (Multivitamins)پەیوەندی هەیە بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە ئۆتیزم بە ڕێژەی %34، لە کاتێکدا خواردنی ترشی فۆلیک بە ڕێژەی %30 مەترسییەکەی کەمکردۆتەوە.
ماڵپەڕەکە ڕوونیکردووەتەوە، توێژینەوەکە شیکاریی بۆ داتای زیاتر لە سێ ملیۆن دایک و منداڵ کردووە و گەیشتوونەتە ئەم ئەنجامەی، کە سەرەڕای ڕاسپاردەکانی ئێستا بۆ خواردنی ترشی فۆلیک، ئامۆژگاری دایکان دەکەن تەواوکەرە فرە ڤیتامینەکان لە کاتی دووگیانیدا بخۆن، تەنانەت باشترە پێشی دووگیانبوونیش بخورێن.
لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دووگیانیدا، دابەشبوونی خانەکانی کۆرپە زۆر بە خێرایی ڕوودەدات، ئەمەش ئەو ماوەیە کە کۆئەندامی دەمار تێیدا دروست دەبێت، بۆیە، پێویستی بە ترشی فۆلیک لە هەفتەکانی سەرەتای دووگیانیدا زیاد دەکات، چونکە ترشی فۆلیک هاندەرە بۆ دروستبوونیێکی تەندروستی لوولەی پەیی(Neural tube) و گەشەی پێکهاتەیی مێشک.
بە گشتی تەواوکەرە فرە ڤیتامینەکان، ڤیتامین "B12" و ڤیتامین "D" و یۆدیان تێدایە، جگە لە ماددە خۆراکییە وردەکانی دیکە کە هەوکردن ڕێکدەخەن و پشتگیری سیستەمی بەرگری و زیندەچالاکی (مێتابۆلیزم)ـی پڕۆتین و بەرهەمهێنانی
پەیەگوێزەرەوە (Neurotransmitter)لە مێشکدا دەکەن، ئەمەش ژینگەیەکی نموونەیی بۆ گەشەی مێشکی کۆرپەلە دەڕەخسێنێت، ڕەنگە هەر ئەمەش هۆکاری کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بێت بە ئۆتیزم.
لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت لە کاتی دووگیانیدا بەبێ ڕاوێژی پزیشک یان دەرمانساز، تەواوکەرە فرە ڤیتامینەکان بخورێن، چونکە ژەمی زیادە لە ڤیتامین(A) ڕەنگە ببێتە هۆی شێواوی ڕووخساری کۆرپەلە.
