سەرۆکایەتی کۆماری عێراق: لە سۆشیال میدیاوە زانیوومانە
لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر ئەو دەنگدانەوە فراوانەی لەسەر خستنە لیستی ڕەشی حیزبوڵڵای لوبنانی و ئەنساروڵڵای یەمەنی دروست بووە، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئەمڕۆ هەینی 5ـی کانوونی یەکەمی 2025 بێئاگایی تەواوی خۆی لە دەرچوونی بڕیارێکی لەو شێوەیە ڕاگەیاند.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق جەختی لەوە کردەوە، ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە پەسەندکردنی ئەو بڕیارەوە نییە و تەنیا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەواڵەکەیان بیستووە
لە ڕوونکردنەوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماردا ئاماژە بە میکانیزمە یاساییەکان کراوە بەو پێیەی بڕیاری لەو جۆرە بە هیچ شێوەیەک ئاڕاستەی ئەوان ناکرێت، چونکە ئەرکی سەرۆکایەتیی کۆمار تەنیا بریتییە لە وردبینی و پەسەندکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو یاسایانەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەنگیان لەسەر دەدرێت لەگەڵ مەرسوومە کۆمارییەکان، بەڵام بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان و لیژنەی سپیکردنەوەی پارە و ڕێنماییەکان بۆ پەسەندکردن نانێردرێن بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار
سەبارەت بە دۆسیەی دیاریکراوی هەردوو گرووپی ئەنساروڵڵا و حیزبوڵڵا کۆشکی کۆماری، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە، نە ئاگاداری وردەکارییەکان بوون و نە واژۆیان لەسەر کردووە، بەڵکو وەک هەر کەسێکی دیکە لە ڕێگەی ئامرازەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگاداری ناوەڕۆکی بڕیارەکە بوون و ئەم ڕوونکردنەوەیەشیان بە مەبەستی لابردنی هەر جۆرە تێگەیشتنێکی هەڵە بڵاو کردۆتەوە.
