عەبدوڵڵا ئۆجەلان: پێویستە سوریا ببێتە وڵاتێکی دیموکراسی
ئەندامێکی کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی ئاماژە بەوە دەکات، عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای نەکردووە هێزەکانی سووریای دیموکرات هەڵبوەشێتەوە، هەروەها داوا دەکات سووریا ببێتە وڵاتێکی دیموکراسی.
گولستان کلیچ کۆچیغیت، ئەندامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆ هەینی، 5ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕایگەیاند: عەبدوڵڵا ئۆجەلان، داوای نەکردووە هەسەدە هاوشێوەی پەکەکە بێتە هەڵوەشاندنەوە و چەک دابنێت، بەڵکوو داوای کردووە ببێتە دووبەش، بەشێکیان تێکەڵ بە سوپای سووریا بکرێن، بەشێکی دیکەیان ناوچە و سنوورەکانیان بپارێزن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بە تێڕوانینی ئۆجەلان، ئەگەر سووریا نەبێتە وڵاتێکی دیموکراسی، ئەحمەد شەرعیش دەبێتە دیکتاتۆر و دیکتاتۆریەت جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە سووریا.
ئەمە لەکاتێکدایە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە دیداریکی تەلەفزیۆنیدا، بەشێک لەو زانیارییانەی ڕاگەیاند لە دیداری نێوان شاندی کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی.
پێشتر، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، پابەندبوونی خۆی بە یەکخستنی هێزەکانی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا دووپاتکردبووەوە. عەبدی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا، باسی لە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع و سەرۆکی ئەمەریکای لە کۆشکی سپی کردبوو و جەختی لە "پابەندبوونیان بۆ خێراکردنی یەکگرتنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ دەوڵەتی سووریا" کردبووەوە.
ڕێککەوتنی 10ـی ئادار چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانە: یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی هەسەدە بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو، ڕەتکردنەوەی بانگەوازەکانی دابەشبوون، هاوبەشیکردن لە داهاتی نەوت، بەڕێوەبردنی هاوبەشی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامشلۆ، و داننان بە مافەکانی پێکهاتەی کورد لە چوارچێوەی سووریادا.
لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاشکرای کردووە، ئەسعەد شەیبانی لەگەڵ هاوتا ئەمەریکی و تورکەکانیدا کۆبووەتەوە و ڕێککەوتوون لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار.
