کرماشان.. لە دووکانێکی زێڕنگر پێنج کیلۆ زێڕ دزراوە و دووکاندارەکەش کوژرا
لە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانێکی زێڕنگری و دوای کێشمەکێش و بریندارکردنی زێڕنگرەکە، دووکانەکەیان بڕیوە و زێڕنگرەکەش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ئەمڕۆ هەینی 5ی کانوونی یەکەمی 2025، بڵاوی کردووەتەوە، ڕووداوەکە دوا نیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە لە شاری مامۆستایان بووە و دوو چەکداری دەمامکدار بە زەبری چەک هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانێکی زێڕنگری و یەکێکیان تەقەی لە زێڕنگرەکە کردووە و دوای بریندارکردنی سەرکەوتوو بوون لە بڕینی دووکانە.
هەروەها داواکاری گشتیی کرماشان لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، زێڕنگرەکە کوڕێکی گەنج بووە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و پاش هەوڵێکی زۆری پزیشکەکان، نەتوانراوە ڕزگاری بکەن و گیانی لەدەستداوە.
هەر بە گوتەی داواکاری گشتی، دوای بڕینی زێڕنگرییەکە هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ناسنامەی هەر دوو تاوانبارەکە ئاشکرا و دەستگیریان بکەن، کە یەکێکیان تەمەنی 39 ساڵ و ئەوی دیکەیان تەمەنی 41 ساڵە، ئێستا هەردووکیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان لە ماوەیەکی نزیکدا لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە سزایان بەسەردا دەسەپێندرێت.
هەر لەو بارەوە مەهدی حاجیان، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشان، ڕایگەیاندووە، دوو دەستگیرکراوەکە پلانی پێشوەختیان بۆ بڕینی ئەو زێڕنگرییە داناوە و پێنج کیلۆ زێڕیان دزییە.
ئاماژەشی داوە، دوای ئەوەی خاوەنی دووکانە بەرەنگاریان بووەتەوە و لەو کاتەی پەلاماری یەکێکیانی داوە، لەلایەن کەسی دووەمەوە بە دەمانچە تەقەی لێ کراوە و بە سەختی بریندار بووە.
