ئۆکرانیا و ئەمەریکا لە مەیامی دەست بە گەڕێکی نوێی گفتوگۆ دەکەنەوە
بەرپرسێکی ئۆکرانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، شاندی دانوستانکارانی ئۆکرانیا و بەرپرسانی ئەمەریکا لە شاری مەیامی کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی پلانی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ؛ هاوکات بەرپرسێکی دیکەش دەڵێت: پرۆسە دیپلۆماسییەکە زیاتر لە پشت پەردەوە بەڕێوە دەچێت.
هەینی 5ی کانوونی یەکەمی 2025، ئۆلێکساندەر بێڤز، ڕاوێژکاری نووسینگەی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، دوای چەند ڕۆژێک لە جموجۆڵی چڕی دیپلۆماسی سەبارەت بە پلانەکە، بە ئاژانسەکە فرانس پرێسی ڕاگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە لە مەیامی لە ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ کۆتاییهێنانی بە جەنگ بەڕێوە بچێت.
میخایلۆ پۆدۆلیاک، ڕاوێژکارێکی دیکەی زێلێنسکی لەو بارەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: پرۆسە دیپلۆماسییەکە زیاتر لە پشت پەردەوە بەڕێوە دەچێت، ئاماژەی بەوەش داوە، ئۆکرانیا هەوڵی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەدات و ئامادەیە بۆ گفتوگۆ، ئەمەریکاش پرۆسەیەکی پراگماتیک و کۆتاییهێنانێکی خێرای بە جەنگەکە دەوێت و چاوەڕوانی سازش لە هەردوولا دەکات.
بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە هەر دوو وڵات لە فلۆریدا کۆببنەوە، کە چاوەڕوان دەکرا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ و جارید کوشنەر تێیدا بەشداربن، بەڵام بەرپرسان پشتڕاستیان نەکردوەتەوە کە ئایا ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام دراوە یان نا.
ڕەشنووسی یەکەمی پلانەکەی واشنتن پێشنیازی ئەوەی دەکرد ئۆکرانیا دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی ببێت لە بەرانبەر بەڵێنی ئەمنیدا، بەڵام بەبێ ئەوەی ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ، کە ئەمەش لەگەڵ خواستەکانی کیێڤدا نەدەگونجا.
دواتر ڤێرژنێکی نوێی پلانەکە لەلایەن بەرپرسانی ئۆکرانیا، ئەورووپا و ئەمەریکاوە داڕێژرایەوە، بەڵام وا دەردەکەوێت مۆسکۆ لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەدا بەشێکی ڕەت کردبێتەوە.
ڕۆژی سێشەممە، شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف و بە یاوەری جارید کوشنەری زاوا ترەمپ لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆبوونەوە، یوری ئوشاکۆڤ، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی کرێملن، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە خاکە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا گوتی: "تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن، بەڵام دەکرێت گفتوگۆ لەسەر هەندێک لە پێشنیازەکانی ئەمەریکا بکرێت. ئاماژەشی دابوو، گفتوگۆکان زۆر بەسوود و بنیاتنەر بوون"، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
