دۆسیەی مافی مرۆڤ دەبرێتە پەرلەمانی ئەورووپا

‎لە بڕۆکسل ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جێبەجیکردنی ستانداردە نێودەولەتییەکان لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێ دەکات.

‎بڕیارە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێککەوتی 8 تاکوو 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە شاری بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، بەشداری لە زنجیرە کۆبوونەوەیەک بکات لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەورووپا و ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ سەبارەت بە پارستنی ئازادییەکان هەروەها جێبەجیکردنی ستانداردە نێودەولەتییەکان لە دامودەزگاکانی هەرێم و خستنەڕووی وردەکارییەکان.

‎لەم بارەوە د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان بریتییە لە خستنەڕووی ئەو پێشکەوتنانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری مافەکانی مرۆڤدا بەدەستی هێناوە لەوانە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) کە ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی گەیشتووەتە 62%. هەروەها، باس لە باشترکردنی چوارچێوەی کاری دامەزراوەکان و میکانیزمەکانی پەیوەست بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت.

‎لە بارەی بایەخی ئەم جۆرە دیدارانە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: ئەم دیدارانە بە هەماهەنگی لەگەڵ نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتى حکوومەتی هەرێم ڕێکخراون و دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە یەکێتیی ئەورووپا یاوەرمان دەبێت. ئەم دیدارانە دەرفەتێکن بۆ پتەوکردنی هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، بە ئامانجی بەدەستهێنانی پشتیوانیی زیاتر بۆ پرسەکانی حوکمرانی باش و ڕەخساندنی دەرفەتی هاوبەشکردنی ئەزموونەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment