کەنەدا سووریای لە لیستی پاڵپشتیکارانی تیرۆر دەرهێنا
کەنەدا ڕایگەیاند، ناوی سووریای لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتی تیرۆر لابردووە و هەروەها ناساندنی دەستەی تەحریر شامی وەک "قەوارەیەکی تیرۆریستی" هەڵوەشاندەوە.
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، " ناوی سووریای لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتی تیرۆر لابردووە"، ئاماژەی بەوەشدا، "ئەم بڕیارانە بە ئاسانی نەدراون."
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە هاوتایە لەگەڵ بڕیارەکانی هاوپەیمانەکانمان لەوانە بەریتانیا و ئەمەریکا، ئەمەش لە ئەنجامی هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا دێت بۆ پەرەپێدانی سەقامگیری وڵاتەکە.
سووریا پێشوازی لە بڕیاری حکوومەتی کەنەدا کرد بۆ لابردنی سزاکان و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هەنگاوە پەرەسەندنێکی ئەرێنیە و ڕەنگدانەوەی هۆشیاری زیاترە سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی سزاکان لەسەر ژیانی خەڵکی سووریا و کەرتە گرنگەکانی ئەو وڵاتە.
لەوبارەوە وەزارەتی دەرەوە و تاراوگەنیشینانی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیدا، "ئەم بڕیارە ساتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی سووریا و کەنەدا و ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ قۆناغێکی نوێ لە هاوبەشی."
ڕاشیگەیاند، سووریا ئامادەیی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ کارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی پەیوەندییە ئەرێنییەکان و بەشداریکردن لە پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی بوژاندنەوەی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و نێودەوڵەتی.
هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵدا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپا و بەریتانیا گەمارۆ ئابووریەکانیان لەسەر سووریا لابرد، هاوکات ناوی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریایان لە لیستی تیرۆری ئەمەریکا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لابرد.
کەنەدا لە ساڵی 2012، سووریای خستە لیستی "پاڵپشتیکەرانی تیرۆر" دوای ئەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی سەرکوتکرد و سووریای بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی برد، هەروەها سزای بەسەر 56 کەسایەتی سووریدا سەپاندبوو، کە بەرپرسانی حکوومەتی پێشووی سووریا و بەشار ئەسەد و ئەندامانی خێزانەکەشی لەخۆگرتووە.
دواتر کەنەدا سزایەکی قورسی بەسەر دەستەی تەحریر شام سەپاندبوو کە ئەحمەد شەرع سەرۆکایەتی دەکرد، ئەمەش بەهۆی پەیوەندییەکانیان بوو لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە.
