سەرۆکی یەکێتی زانایان وەڵامی سەدرەدین قوبانجی دەداتەوە
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی وەڵامی سەدرەدین قوبانجی دەداتەوە و دەڵێت: ئەو هەلانەی بۆ چاک دەکەمەوە کە لە گوتارێکی هەینیدا لەبارەی کوردستان کردوویەتی.
دوای ئەوەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی و لە گوتاری هەینی ڕابردوودا، سەدرەدین قوبانجی، پێشنوێژ و گوتاربێژی ڕۆژی هەینی نەجەف چەند قسەیەک لەسەر کوردستان دەکات و زێدەرۆیی و زانیاری هەڵەی بڵاو کردەوە، سەرۆکی یەکێتی زانایان لە پەرەی تایبەتی خۆی وڵامێکی قوبانجی دایەوەو دەڵێت: پیاوی ئایینی دەبێت ئەهلی مەسڵەحەت و چاكە بێ و حەقیقەت بۆ خەڵك باس بكات، نەك ئەوەی بە قسەی ڕقاوی و ناڕاست، هزر و هۆشی گوێگران بشێوێنێت.
دکتۆر عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی دەڵێت: بەپێویستم زانی وەڵامی سەدرەدین قوبانجی، پێشنوێژ و گوتاربێژی ڕۆژی هەینی نەجەف بدەمەوە كە لە گوتارێکدا زانیاریی هەڵە و ناڕاستی لەبارەی كوردستان باسكردووە.
سەرۆکی یەکێتی زانایان دەڵێت: پیاوی ئاینی دەبێت ئەهلی مەسڵەحەت و چاكە بێت و حەقیقەت بۆ خەڵك باس بكات، نەك ئەوەی بە قسەی ڕقاوی و ناڕاست، هزر و هۆشی گوێگران بشێوێنێت.
دەڵێت: ئەوەی قوبانجی لە گوتارەکەی خۆیدا لەسەر كوردستان دەیگێڕێتەوە، دوورە لە ڕاستی و هیچ بنەمایەكی نییە، نازانین ئەو قسە ناڕاستانەی بە ئەنقەست و لە ڕقەوە گوتووە، یاخود بە ناڕاستی پێیان گەیاندووە؟
سەرۆکی یەکێتی زانایان دەشڵێت: ئەگەر دەیەوێت وێنەی ڕاستەقینەی كوردستان ببینێت، ئەوا بانگهێشتی دەکەین با بێت و بەخۆی سەقامگیری و بووژانەوەی كوردستان بە چاوی خۆی ببینێت و تۆزێك گوێ و چاویشی بكرێنەوە.
