سوپای عێراق بە بیانووی رێگری لە قاچاخی نەوت رێگەی جووتیارانی کورد لە کەرکووک دادەخات
ئەمڕۆ شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، سوپای عێراق بە فەرمانی بەرپرسانی باڵا و بە بەکارهێنانی شۆفڵ، زۆربەی رێگە و توولەڕێگەکانی سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک داخست و لەو ناوچانە خەندەقی لێدا. ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتیی توندی جووتیارانی لێکەوتەوە و ئەنجوومەنی پارێزگاش داوای چارەسەری خێرا دەکات.
بەهۆی لێدانی خەندەق و داخستنی رێگەکان لە دەوروبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور، جووتیارانی کورد بۆ گەیشتن بە کێڵگەکانیان ناچارن رێگەیەکی دوور و درێژ ببڕن. ئەم رێکارە سەربازییە هاوکات زیانی بە بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە.
جووتیارێکی سنووری تۆپزاوا نیگەرانیی خۆی لەو دۆخە دەربڕی و رایگەیاند: "ئەمە نە جارێکە و نە دوو جارە سوپا هەڵدەکوتێتە سەر جووتیاران و ئازاریان دەدات. پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بە هانای خەڵکەوە بێت و چیتر رێگە بەم زوڵمە نەدات."
جووتیارێکی دیکە روونیکردەوە، بەهۆی لێدانی خەندەقێکی سێ مەتری و هەڵڕشتنی خۆڵەکەی، نزیکەی 10 دۆنم لە زەوییەکەی زیانی بەرکەوتووە. ئەو جووتیارە گوتی: "سەد ساڵە باجی کوردبوونمان لە کەرکووک دەدەین. ئێستا دوای 23 ساڵ لە گەڕانەوەمان حەوانەوەمان نییە."
هێزە ئەمنییەکان هۆکاری داخستنی رێگەکانیان بۆ رێگریکردن لە بە قاچاخبردنی نەوت بە تانکەر گەڕاندووەتەوە. بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکان و ئەنجامی ئەو لێژنەیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کەرکووکی ناردووە، بە قاچاخبردنی نەوت لە توولەڕێگەکانەوە نەبووە، بەڵکو تانکەرەکان بە شێوەیەکی فەرمی و بە نووسراوی تایبەت بە نێو بازگەکانی حکوومەتی عێراقدا تێپەڕیون.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوا دەکات لە بری داخستنی رێگەکان بە رووی جووتیارانی کورددا، چاودێریی بازگەکان تۆکمە بکرێت. بەرپرسێکی ئەنجوومەنەکە جەختیکردەوە: "هیچ کات تانکەر ناتوانێت بە توولەڕێگەکاندا بڕوات، بۆیە ئەگەر مەبەست رێگریکردنە لە قاچاخی نەوت، دەبێت سەرەتا لە بەهێزکردنی بازگەکانەوە دەستپێبکرێت."