نوێنەری رێبەری ئێران هەڕەشەی لێدان لە نەوت و گازی وڵاتانی عەرەبی دەکات

حوسێن شەریعەتمەداری، نوێنەری رێبەری ئێران لە رۆژنامەی کەیهان، لە وتارێکدا هەڕەشەی مووشەکباران و وێرانکردنی تەواوی ژێرخانی نەوت، گاز و پێترۆکیمیایی وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات.

شەریعەتمەداری لە وتارەکەیدا نووسیویەتی؛ ئەگەر ئێران کەشتییەکانی بەنێو گەمارۆی دەریاییدا تێپەڕێنێت و تەنیا یەک گوللەشیان ئاراستە بکرێت، دەبێت تاران دامەزراوەکانی وزەی ئەو وڵاتانە لەناو ببات.

شەریعەتمەداری لێدانی دامەزراوەکانی نەوت و گازی وڵاتانی عەرەبی بە "خاڵی لاوازیی سەرەکی"ی ئەمریکا و رێگەی شکاندنی گەمارۆی دەریایی دەزانێت و نووسیویەتی، ئەم هەنگاوە سیستمی بڕیاردانی واشنتن تێک دەدات و ئەمریکا ناچار دەکات سوود و زیانی هێرشکردنە سەر نەوتهەڵگرەکانی ئێران بەراورد بکات.

بەڕێوەبەری رۆژنامەی کەیهان ئاماژەی بە راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس سەبارەت بە داواکاریی کۆشکی سپی لە پێنتاگۆن و دەزگا هەواڵگرییەکان داوە. بەپێی ئەو راپۆرتە، واشنتن بەدوای بژاردەیەکی سەربازیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوە نەکاتە سەر دامەزراوەکانی وزەی کەنداو. بەڕێوەبەری کەیهان هەروەها باسی لە راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە. لەو راپۆرتەشدا، بەرپرسانی کۆشکی سپی هێرشی وێرانکەری ئێران بۆ سەر نەوت و گازی وڵاتانی کەنداویان بە "مۆتەکەیەکی ترسناک" بۆ ئەمریکا وەسف کردووە.

شەریعەتمەداری وەڵامی رەخنەکانی لەبارەی نەگونجانی ئەم هێرشە لەگەڵ بنەمای "دراوسێیەتیی باش" داوەتەوە و پرسیویەتی، چۆن رێگەدان بە کردنەوەی بنکەی سەربازیی ئەمریکا و بەشداریکردن لە هێرش بۆ سەر ئێران بە دراوسێیەتیی باش دادەنرێت.
نوێنەرەکەی رێبەری ئێران کۆمپانیای نەوتی ئەدنۆکی ئیماراتی بە هاوکاریکردنی ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە. بە گوتەی شەریعەتمەداری، ئەو کۆمپانیایە بە زیاتر لە 600 کەشتیی بچووک نەوتی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو بە داشکاندنی 20 تا 25 لەسەد دەکڕێت و لە گەرووی هورمزەوە دەیگوازێتەوە بۆ نەوتهەڵگرە گەورەکان.

شەریعەتمەداری بە پشتبەستن بە گوتەی حامید مەلحانی، شرۆڤەکاری ئێرانی، داوای لە هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئێران کردووە بنکەی ئەو کەشتییە بچووکانە لەناو ببەن.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا، شەریعەتمەداری داخستنی گەرووی هورمز بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی جنێڤ و جامایکا بە مافی یاسایی ئێران دەزانێت.

بەڕێوەبەری کەیهان گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بە "چەتەیی دەریایی" ناو دەبات و لێدوانێکی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای لە فلۆریدا بە نموونە هێناوەتەوە و نووسیویەتی؛ ترەمپ دەستبەسەرداگرتنی نەوتهەڵگرێکی ئێرانی و بارەکەی بە بازرگانییەکی پڕسوود و هاوشێوەی کاری "چەتە دەریاییەکان" وەسف کردبوو.

لە کۆتایی وتارەکەدا، شەریعەتمەداری ئاماژەی بە لێدوانێکی موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران داوە. رەزایی رایگەیاندبوو کۆتاییهێنان بە دۆخی ئێستا چیتر تەنیا بە دانوستان و لە رێگەی دیپلۆماسی نابێت و بەکارهێنانی هێزی سەربازییش لە بەرنامەی کاری ئێراندایە.

رۆژنامەی کەیهان راستەوخۆ لەژێر چاودێریی رێبەری ئێراندا دەردەچێت. ئەم هەڕەشە نوێیانە لە کاتێکدان گرژییە سەربازییەکان و گەمارۆی دەریایی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا هاتوچۆی کەشتییەکانیان لە گەرووی هورمز رووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە.