کێشەی حیجاب لە ئێران؛ نەریتخوازان تووڕەن و پزیشکیانیش دژی زۆرەملێیە

ئافرەتانی بەشدار لە ماراسۆنی کیش. وێنە: بی بی سی فارسی
ئافرەتانی بەشدار لە ماراسۆنی کیش. وێنە: بی بی سی فارسی

دەسەڵاتی دادوەری ئێران، فەرمانی دەستپێکردنی ڕێوشوێنی یاسایی دەرکرد، دژی ڕێکخەرانی ماراسۆنێک لە دوورگەی گەشتیاریی 'کیش' کە تێیدا ئافرەتان بەبێ حیجاب بەشدار بوون.

یەکشەممە، 7ـی کانوونی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی 'میزان' بڵاوی کردەوە "دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، فەرمانی بە لێکۆڵینەوەی یاسایی دژی ڕێکخەرانی ماراسۆنێک دەرکرد، کە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، لە دوورگەی 'کیش'ی گەشتیاریی ساز کرا و ژمارەیەکی بەرچاوی ئافرەت، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕووپۆشی ئیسلامی 'حیجاب' تێیدا بەشدار بوون.'

 بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان، بەیانیی ڕۆژی هەینی، 5ـی کانوونی یەکەم 2025،  زیاتر لە پێنج هەزار کەس بەشدارییان لە ماراسۆنی کیش کرد، کە دورگەیەکی گەشتیارییە و دەکەوێتە باشووری ئێران. 

بە گوێرەی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، ژماریەکی بەرچاوی ئافرەت بەبێ حیجاب لە چالاکییەکەدا بەشدار بوون، ئەمەش پێچەوانەی ئەو یاسایانەیە کە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کاریان پێ دەکرێت.

میزان، لە زاری عەلی سالمی زادە، داواکاری گشتیی کیش، ڕایگەیاند "شێوازی ڕێکخستنی چالاکییەکە پێچەوانەی یاساکانی ڕەوشت و ئاداب بووە و دەسەڵاتی دادوەریی دوورگەکە، لێپرسینەوەی دژی ڕێکخەرانی ماراسۆنەکە دەست پێ کردووە تا ئێستا دوو کەس لە ڕێکخەرانی ماراسۆنەکە دەستگیر کراون."

 یاسا پەسەندکراوەکانی دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئیران، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە پێویستە ئافرەتان سەریان بە حیجاب داپۆشن و لە شوێنە گشتییەکاندا جلوبەرگی داپۆشراو لەبەر بکەن؛ بەڵام ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئافرەتان بەبێ حیجاب و هەندێک جار بە جلوبەرگی تەنکەوە دێنە دەرەوە.

نەپۆشینی حیجاب و جلوبەرگی ئیسلامیی، لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل زیادی کردووە، بەتایبەتی لە تاران و شارە گەورەکانی ئێراندا.

 پیاوانی ئایینی و سیاسەتمەدارە نەریتخوازەکان، تووڕەیی خۆیان لەو دیاردەیە ناشارنەوە و بە کولتوورێکی نەگونجاوی ڕۆژئاوایی هەڕەشە بۆ سەر کۆمەڵگە و داب و نەریتی ئیسلامیی دەزانن. 

مەسەلەی حیجاب لە ئێران، بووەتە هۆی دابەشبوونی هەڵوێستەکان لە ناوەندە سیاسییەکانی ئێراندا. مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لایوایە نابێت ئافرەتان بە زۆر ناچار بکرێن حیجاب بپۆشن؛ لە کاتێکدا باڵی نەرییخوازان، بە توندی داوای سەپاندنی پۆشینی حیجاب دەکەن.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل