بلوومبێرگ: سعوودیە ڕێسا و مەرجەکانی کڕینی ئەڵکوهۆل بۆ بیانییەکان ئاسانتر دەکات
ماڵپەڕی بلوومبێرگ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە، سعوودیە بۆ سووککردنی ڕێساکانی فرۆشتنی ئەڵکوهۆل هەنگاوی زیاتری ناوە، بە شێوەیەک ڕێگە بە دانیشتووانی بیانیی "ناموسوڵمان" دەدات ئەڵکوهۆل بکڕن، بە مەرجێک داهاتی مانگانەیان 50 هەزار ڕیاڵ بەرانبەر 13,300 دۆلار یان زیاتر بێت.
سەرچاوەکان کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ڕایانگەیاندووە دانیشتووانان دەبێت "بەڵگەی مووچە" (Salary Certificate) پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت بچنە ناو ئەو تاکە فرۆشگای ئەڵکوهۆل لە وڵاتەکە، کە دەکەوێتە شاری ڕیاز. ئەم فرۆشگایە پارساڵ بۆ فرۆشتن بە دیپلۆماتکارە بیانییەکان کرایەوە و دواتر ڕێگەی بەو ناموسوڵمانانەش دا کە (Premium residency)یان هەیە سەردانی بکەن.
ئەمەش، هاوتایە لەگەڵ هەوڵە فراوانەکان بۆ کەمکردنەوەی کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکان و کردنی شاری ڕیاز بە ناوەندێکی پێشبڕکێکار بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان، چونکە سعوودیە ڕاکێشانی بەهرەمەند و سەرمایەی بیانی بە بەشێکی گرنگ و هەستیار لە پرۆسەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکەی دەزانێت.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، وڵاتەکە قەدەغەی سەر شۆفێریکردنی ژنانی هەڵوەشاندەوە، ڕێگەی بە ئاهەنگی گشتی، مۆسیقا و تێکەڵاوبوونی ڕەگەزەکان دا و هانی گەشتیاریدا.
