لە ڕکابەری نێتفلێکسدا، پاراماونت 108 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی وارنەر برۆس پێشکەش کردووە

لە دەستە ڕاستەوە وارنەر بروس، نێتفلێکس و پاراماونت
لە دەستە ڕاستەوە وارنەر بروس، نێتفلێکس و پاراماونت

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا بۆ بازاڕی میدیا و سینەما، پاراماونت بە خستنەڕووی ئۆفەرێکی 108 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی 'وارنەر برۆس'، ڕکابەرییەکی توندی لەگەڵ نێتفلێکس دەستپێکرد و بەڵێنی پارەی کاش و نرخی بەرزی پشکەکان بە پشکداران دەدات.

دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمپانیای "پاراماونت" (Paramount) بەشێوەیەکی فەرمی ئۆفەرێکی بۆ کڕینەوەی کۆمپانیای "وارنەر برۆس دیسکەڤەری" (WBD) بە شێوەی پارەی کاش پێشکەش کردووە، بەمەش ڕاستەوخۆ ئاڵنگاری ڕێککەوتنەکەی پێشووی نێوان وارنەر برۆس و نێتفلێکس دەکات.

بەپێی ئۆفەرەکەی پاراماونت، نرخی هەر پشکێکی وارنەر برۆس بە 30 دۆلار دیاری کراوە، کە بەمەش کۆی بەهای ئەو کۆمپانیای بواری سینەما و کات بەسەربردن دەگاتە 108.4 ملیار دۆلار.

"بەپێی ئۆفەرەکە، بەهای کۆمپانیاکە بە 108.4 ملیار دۆلار دیاری کراوە، کە ئەمەش بە ڕێژەی 139% بەرزترە لە نرخی پشکەکانی 'وارنەر برۆس دیسکەڤەری' لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا (کە 12.54 دۆلار بوو). هاوکات پاراماونت لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئۆفەرەکەی نێتفلێکسی بە نزم و نادڵنیا' وەسف کرد.

دەیڤد ئێلیسۆن، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پاراماونت لەم بارەیەوە گوتی: پشکدارانی وارنەر برۆس شایەنی ئەو دەرفەتەن کە تاوتوێی ئۆفەرە باڵاکەی ئێمە بکەن کە بە تەواوی نەختینەیە.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەو بارەوە ڕایگەیاندبوو، ڕێککەوتنی نێوان نێتفلێکس و وارنەر برۆس دیسکەڤەری دەکرێت ببێتە کێشە، بۆیە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدار دەبێت لە بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا ڕێگە بە نێتفلێکس بدرێت کۆمپانیای "وارنەر برۆس" بکڕێت یان نا، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ مەترسیی قۆرخکاری لە بازاڕدا.

ترەمپ لە لێدوانێکدا گوتی: "نێتفلێکس خاوەنی پشکێکی زۆر گەورەی بازاڕە، کاتێک وارنەر برۆسیشی دەستبکەوێت، ئەو پشکە زۆر زیاتر بەرز دەبێتەوە.

هەینی 5ـی کانوونی یەکەمی 2025، نێتفلێکس تایبەت بە بەرهەمهێنان و پەخشکردنی فیلم و زنجیرە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردبووە، بە بڕی نزیکەی 83 ملیار دۆلار کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلم و تەلەڤزیۆنی وارنەر برۆس دیسکەڤەری دەکڕێتەوە.

تێد ساراندۆس، هاوسەرۆکی نێتفلێکس کە کۆمپانیاکەی خاوەنی بەرهەمە جیهانییەکانی وەک "سترەینجەر سینگس" و "سکوێد گەیم"ە، ڕایگەیاندبوو: "پێکەوە دەتوانین ئەوەی بینەران خۆشیان دەوێت زیاتریان پێ ببەخشین و سەدەی داهاتووی وەک سەدەی چیرۆک گێڕانەوە پێناسە بکەین.

بەپێی گرێبەستەکە، نرخی هەر پشکێکی "وارنەر برۆس دیسکەڤەری" بە 27.75 دۆلار دیاری کراوە، کە بەمەش کۆی بەهای خەمڵێنراوی کۆمپانیاکە (بە قەرزەکانیشەوە) دەگاتە نزیکەی 82.7 ملیار دۆلار.

دەیڤد زاسلاڤ، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری وارنەر برۆس دیسکەڤەری لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: گرێبەستەکەی ئەمڕۆ دوو لە گەورەترین کۆمپانیاکانی چیرۆک گێڕانەوە لە جیهاندا کۆدەکاتەوە.

گرێبەستەکە کە بە کۆی دەنگ لەلایەن دەستەی کارگێڕی هەر دوو کۆمپانیاکەوە پەسەند کراوە، بڕیارە لە ماوەی 12 بۆ 18 مانگدا تەواو ببێت.

لای خۆیەوە کاسلین بروکس، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە کۆمپانیای وەبەرهێنانی XTB گوتی: نێتفلێکس ئامانجیەتی کۆنترۆڵی هۆڵیوود بکات.

ئەو شرۆڤەکارە هۆشداریشی دابوو لە ژمارەیەک کێشەی ئەگەری پەیوەست بە گرێبەستەکە، لەوانە ترس لە دروستبوونی قۆرخکاری (Monopoly) لەلایەن نێتفلێکسەوە دوای ئەوەی دەبێتە خاوەنی "ئیمپراتۆریەتێک لە بواری تەلەڤزیۆن و سینەمادا"