پەرەنگ فەرازمەند کتێبێکی لەسەر میوزیکی کوردی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە
پەرەنگ فەرازمەند، میوزیسیان و نووسەر، نوێترین کتێبی خۆی لەسەر میوزیکی کوردی بە زمانی ئینگلیزی بەناوی "پەیوەندی نێوان دەسەڵات و جێندەر لە میوزیکی نەریتی و رەوەندی کوردی دا" لەلایەن وەشانخانەی Logos Verlag Berlin چاپکراوە، بڵاوکردەوە.
پێنجشەممە، 26ی شوباتی 2026، پەرەنگ فەرازمەند، میوزیسیان و نووسەر، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت: ئەو کتێبە توێژینەوەیەکی ئەکادیمییە، کە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها دیاسپۆرای کوردان لە سوید دەگرێتەوە، لە 600 لاپەڕەدایە، بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و ئەم بەرهەمە کە دەرئەنجامی 12 ساڵ توێژینەوەی مەیدانی منە، یەکێکە لە یەکەمین سەرچاوە ئەکادیمییە نێوان بوارییەکان کە میوزیکی کوردی لە ڕوانگەی ئێتنۆمیوزیکۆلۆژی، زانستەکانی جێندەر، دیاسپۆرا و پێرفۆرمانسەوە تاوتوێ دەکات.
پەرەنگ فەرازمەند گوتیشی: کتێبەکە پێکهاتووە لە دوو بەشی سەرەکی، بەشی یەکەم تەرخان کراوە بە میوزیکی کوردی لە ناو کوردستان و بەشی دووەم بە میوزیکی دیاسپۆرای کوردان لە سوید، هەموو کتێبەکە لە شەش بەش پێکدێت و لە دوو بەرگ بڵاو کراوەتەوە، بەشی یەکەم بنەمای تیۆریکی توێژینەوەکە دیاری دەکات، بەشی دووەم مێژوویەکی جێندەری کوردی بە پشت بەستن بە سەرچاوە میوزیکی و مێژووییەکان تاوتوێ دەکات.
ئەو خانمە میوزیسیانە ئاماژەی بەوەش دا: بەشی سێیەم پەیوەندی نێوان دەسەڵات و جێندەر لە گۆرانی، هەڵپەرکێ و ژەنینی ئامێرە میوزیکییە کوردییەکاندا شیکردنەوەی بۆ دەکات، بەشی چوارەم و پێنجەم تیشک دەخەنە سەر گۆڕانکارییەکانی میوزیکی کوردی لە دیاسپۆرا، باسی ناسیۆنالیزمی کوردی و نەتەوەسازی و وێناکردنەوەی نیشتمان و سەرهەڵدانی دیسکۆرس و بزووتنەوەی فێمێنیستی لە میوزیکی کوردی لە سوید، بەشی شەشەمیش ئەنجام و کۆبەندی توێژینەوەکە پێشکەش دەکات.
پەرەنگ فەرازمەند، خانمە میوزیسیان و نووسەر، لەساڵی 1982 لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و ئێستا نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە، لە ساڵی 1990 لە تەمەنی 8 ساڵیدا دەستی بە فێربوونی میوزیک لەسەر ئامێری پیانۆ کردووە، خوێندنی باڵای لە بواری میوزیکدا خوێندووە، بەکالۆریۆسی لەسەر میوزیکی کلاسیکی ڕۆژئاوایی بە ئامێری پیانۆ لە زانکۆی تاران تەواو کردووە، ماستەری لە بواری میوزیکناسی، بەشی ئێتنۆموزیکۆلۆژی، لە زانکۆی هونەری تاران تەواو کردووە، دکتۆراشی هەر لە هەمان بواری ئێتنۆموزیکۆلۆژی لە زانکۆی مارتین لۆتێری وڵاتی ئەڵمانیا وەرگرتووە، لە ساڵی 2020ەوە مامۆستای ئێتنۆموزیکۆلۆژیە لە زانکۆی مارتین لۆتێر و هاوکات خەریکی تێپەڕاندنی قۆناغی پۆست دکتۆرایە لە هەمان زانکۆ، لە ساڵی 2000ەوە لەگەڵ گرووپی میوزیکی جۆراوجۆری، کوردی، ئێرانی و کلاسیکی ڕۆژئاوایی چالاکی هەبووە و کۆنسێرتی بەڕێوەبردووە، ساڵانێکی زۆریشە مامۆستای فێرکردنی ئامێری پیانۆ بووە و فێرخوازێکی زۆری پەروەردە کردووە.