ئیسماعیل بەقایی: سەقامگیری ناوچەکە بۆ ئێمە گرنگە

(وێنە؛ ئەرشیف ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران)
(وێنە؛ ئەرشیف ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران)

ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی سێشەممە،3ـی ئاداری 2026، هەموو ئەو بانگەشانەی ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمریکای رەتکردەوە، سەبارەت بە داواکارییەکانی واشنتن بۆ پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم خرابوونە روو. 

گوتەبێژی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد: "عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، تا دوا ساتەکانیش لەسەر هەڵوێستە شەرعییەکەی خۆی لە قەدەخەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی سوور بووە." ناوبراو بانگەشەکانی نێردەی ئەمریکای بە ناراست وەسف کرد و گوتی: "لە کاتێکدا دیمەنی کوژرانی رۆڵەکانی ئێران لەبەردەم چاوماندا بوو، ئێمە لە جنێف لەگەڵ ئەمریکا لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشتین."

لەلایەکی دیکەوە، مانگی سووری ئێرانی رایگەیاند؛ ژمارەی قوربانیانی هێرشە موشەکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەرزبووەتەوە بۆ 787 کوژراو. بەقایی باسی لەوەش کرد، ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئەنقەست ژێرخان، مەدەنی و ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووەتە ئامانج بە مەبەستی پەکخستنی ژیان لە ئێران.

پێشتر ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگەیاندبوو؛ هەوڵەکانی واشنتن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی لە جنێف شکستی هێناوە. ناوبراو ئاشکرای کرد، ئەو و جارید کۆشنەر پێشنیازی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمیان بۆ ماوەی 10 ساڵ کردووە لە بەرامبەر دابینکردنی تێچووی سووتەمەنی، بەڵام تاران پێشنیازەکەی رەتکردووەتەوە، ئەمەش بە وتەی ئەو "نیشانەی سووربوونی ئێرانە لەسەر بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی."

ماوەی چەند رۆژێکە ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی موشەکییان کردووەتە سەر بارەگا حکوومییەکانی ئێران و لەم هێرشانەدا رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی و سەرکردە باڵا سەربازییەکان کوژراون. لە بەرامبەردا، ئێران بە چەندین هێرشی موشەکی وەڵامی ئامانجەکانی ئیسرائیل، چەند وڵاتێکی کەنداو، و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە عێراق و هەرێمی کوردستانی داوەتەوە.