سبەی لە چوارچێوەی ڕیفۆرمی پۆلیسی کوردستان 300 ئەفسەر ڕاهێنان وەردەگرن
بەڕێوەبەری ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە دا، پرۆژەی ڕیفۆرمی پۆلیسی کوردستان دەبێتە هۆی زیاتر بەهێزکردنی پۆلیس و ئەفسەران لە ڕووی توانای هزری و سەرکردایەتی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕۆندک فارس، بەڕێوبەری ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن له وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، پرۆژەی ڕیفۆرمی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، ئامانج لە پرۆژەکە پێداچوونەوەیە بە ئەرک و شێوازی مامەڵە و ڕاهێنانی پۆلیس لە سەرجەم بوارەکان.
ڕۆندک فارس گوتی: کار لەسەر ئەوە کراوە، ستراتیژییەتی پۆلیس لە هێزەوە بگۆڕدرێت بۆ ڕێز، بۆ ئەمەش مەشق و ڕاهێنانی چڕ بە ئەفسەر و پۆلیس دەکرێت، ژمارەیەک ڕاهێنەر لە پۆلیسی هەرێمی کوردستان، کە خولی پێشکەوتوویان لە دەرەوەی وڵات وەرگرتووە، ڕاهێنان بە ئەفسەران دەکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی بەڕێوەبەراتییەکانی پۆلیسمان کردووە، چونکە سەرجەم پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بۆ تەواوبوونی تەواوی پرۆژەکە پێنج ساڵی پێویستە و دەبێتە یەکێک لە ناوازەترین و پێشکەوتووترین پرۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ناوخۆ، چونکە لەمە بەدوا پۆلیسی کوردستان تەنیا مەشق و ڕاهێنانی سەربازی وەرناگرێت، بەڵکوو لەڕووی هزری و سەرکردایەتیی دەبێتە نموونەیەکی باڵا.
ڕۆندک فارس باسی لەوەش کرد، سبەی سێشەممە، بە فەرمی لە هەولێر خول و ڕاهێنان بە 300 ئەفسەر دەدرێت، لە مانگی داهاتوو، لە پارێزگای سلێمانی بەهەمانشێوە دەستپێدەکات.
