ئەمڕۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک دەست پێ دەکات
ئەمڕۆ دوازدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک دەست پێدەکات و بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
حەسەن عارف، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون و زیاتر لە 100 گەنجی خۆبەخش بەشدارییان لەم خولەدا کردووە.
ئاماژەی بەوەش دا، بە دەیان سینەماکار و هونەرمەندی جیهانی بەشدار دەبن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی پێشخستنی سینەما و ناساندنی شاری دهۆک بە جیهان.
لە خولی ئەمساڵدا 110 فیلمی ناوخۆیی و بیانی نمایش دەکرێن و تەوەری سەرەکیی فێستیڤاڵەکەش تایبەتە بە "وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا".
ئەمساڵ وڵاتی ئیسپانیا وەک وڵاتی میوان بە 13 فیلم بەشداری دەکات، هەروەها زیاتر لە 100 گەنجی خۆبەخش لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا بەشدارن و سێ شوێنی سەرەکی لە سەنتەری شاری دهۆک دیاری کراون بۆ نمایشکردنی فیلمەکان و سازکردنی پانێڵەکان، ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە لە گفتوگۆدان بۆ بانگهێشتکردنی ئەستێرەیەکی سینەمایی (عەرەبی، تورکی یان فارسی)، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە نەدراوە.
