یەحیا ئەربیلی: وێنەی سەرۆک بارزانیم بە زیوی ساف کێشاوە و لە کاتی خۆیدا بڵاوی دەکەمەوە
خۆشنووس و نیگارکێش یەحیا ئەربیلی، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، باس لە کارە خۆشنووسییەکانی و تیشک دەخاتە سەر نوێترین تابلۆی خۆی و دەڵێ: تابڵۆیەکم بە زیوی ساف کێشاوە کە وێنەی سەرۆک بارزانییە.
لەسەر ئاستی جیهاندا پێشەنگەیەکی هونەری خۆشنووسی و شێوەکاریت کردەوە، باسێکی ئەو پێشەنگەیە بکە؟
کردنەوەی ئەو پێشەنگەیە هونەرییە زۆر گرنگ بوو، کە تابلۆ هونەرییەکان لە بەردی گرانبەهای ئەڵماسی بەڵجیکی و زێڕی عەیار 21 و زیوی پوخت درووستکراوە، دوای 11 ساڵ کارکردنم بەبەکارهێنانی بەردی ئەڵماس و چەندین گرام لە زێڕ و چەندین کیلۆ لەزیوی پوخت، کۆمەڵێک تابلۆی هونەریم درووستکردووە، ژمارەی تابلۆکانم 40 تابلۆی قەبارە جیاوازن و هەموو قۆناغەکانی دروستکردنیان کاری دەستین، دەقی تابلۆکانم بۆ بینەرانی پێشەنگەکەم زۆر ئارام بەخشن، کە پێکهاتبوون لە ئایەتی قورئانی پیرۆز و سۆز و بەزەیی و لێبوردەیی خوای گەورە و هەروەها پەندی پێشینان و قسەی نەستەق و نیشتیمانپەروەری و گەورەیی و دڵسۆزی دایک و ئاشتی و ئارامگرتن بوو، من تابلۆکانم بە سێ زمان درووستکراون ئەوانیش بە کوردی و عەرەبی و تورکمانین.
لە درووستکردنی تابلۆ نایابەکان و کردنەوەی پێشەنگەی تایبەتی مەبەستت چی بوو؟
مەبەستم نیشاندانی لایەنی ڕەسەنایەتی و هونەری و شکۆی وشە و پیتەکان بوو، لەشێوەی گەنجینەیەکی درەوشاوە و پەیامی مرۆڤایەتی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان و تەبایی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا تابلۆیەکی تایبەتم درووستکردووە بۆ پێکهاتەی کریستانەکان کە باس لە ئاشتی دەکات. ئەوەی لای من گرنگ بوو ئەوەیە کە زۆربەی ئامادەبووانی پێشەنگەکەم بە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ باسی لێوە دەکەن، ئەوە مایەی خۆشبەختییە بۆمن،
خۆشنووسی هونەرێکی زەحمەتە؟
هونەری خۆشنووسی هونەرێکی ڕەسەن و ڕۆحییە و مێژوویەکی دێرینی هەیە، بەڵام سەبارەت بە ئاسانی و زەحمەتی، دەتوانم بڵێم هونەرێکە پێویستی بە ئارامگرتنە بۆ فێربوونی و لێتێگەیشتنی و نووسینی، لەگەڵ ئەوەشدا هەستێکی خۆش و تایبەت بە نووسەرەکە دەدات.
نووسینی چی شتێک یان شوێنێک تۆ دڵخۆش دەکات؟
هەموو کاتێک کە دەست دەکەم بە قەلەمی تایبەتی خۆشنووسیم، هەستێکی زۆر خۆشم بۆ دروست دەبێت و تێکەڵ دەبم بە جیهانێکی ڕۆحی تایبەت.
فەلسەفەی هونەری خۆشنووسی چییە؟
فەلسەفەی هونەری خۆشنووسی، هەستێکی تایبەت و شێواز و یاسا و ڕێسای تایبەتی خۆی هەیە، هەر جۆرە نووسینێک مێژوو و یاسا و ڕێسای تایبەتی خۆی هەیە، ئارام دەبەخشێت بە دەروون.
لەڕێگەی تابلۆکانتەوە دەتەوێ چی پەیامێک بگەیەنیت؟
جگە لە هونەرەکەم، پەیامی خۆشەویستی و ئاشتی و پێکەوەژیان و تەباییم هەیە بۆ گشت مرۆڤایەتی لە ڕێگەی تابلۆ و نووسینەکانم، هەروەها پێشانگە تایبەتەکەشم باشترین بەڵگەی ئەو پەیامەمە.
تابلۆی سەرۆک بارزانیت کێشاوە، بەڵام جارێ بڵاوت نەکردۆتەوە، باسێکی درووستکردنی ئەو تابلۆیە بکە؟
بۆ یەکەمجارە تابڵۆیەک بکێشم کە وێنەی سەرۆک بارزانییە، ئەو تابلۆیە بە زیوی ساف و کاری دەستی و بە مشار دروستم کردووە و لە کاتی خۆیدا بڵاوی دەکەمەوە.
بۆچی نیگارکێشەکان حەز ناکەن مانای تابلۆکانیان بە بینەر بڵێن؟
چونکە نیگارکێشەکان کاتێک تابلۆیەک دەکێشن، تابلۆکە هەستێکی زۆر تێدایە بۆ دەربڕین، هەر بۆیە بینەر ئازاد دەکەن لەوەی بە چی شێوەیەک دەربڕین بۆ تابلۆکان دەکەن.
خۆشنووس و نیگارکێش یەحیا ئەڕبیلی، لەدایکبووی شاری هەولێرە، خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە لە ژمێریاری و بەکالۆریۆس لەیاسا، لەساڵی 2010 کاری پارێزەری کردووە و ئێستایش یاریدەدەری دادوەرییە سەر بە وەزارەتی داد. لەساڵی 1993 دەستی کردووە بەکاری خۆشنووسی و ساڵی 1994 یەکێک دەبێت لەدامەزرێنەرانی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان. بەتابلۆیەکی زیو بەشداری دەکات لەیەکێک لە پێشەنگاکان لە واشنتۆنی ئەمریکا، بەشداربووە لە چەندین پێشەنگا و پێشبڕکێی جیهانی لە وڵاتەکانی وەکو، ئیتاڵیا و مالیزیا و هیندستان و تورکیا و ئوردن و میسر و قەتەڕ و جەزائیر و لوبنان و شانشینی عەرەبی سعوودی و ئیماڕاتی عەرەبی.
