بازگەی تاسڵوجە داخرا و هاتوچۆی سلێمانی هۆشداری دەداتە شۆفێران

بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە، بەھۆی لێزمە بارانەوە، لە شا ڕێگەی بازیان بەرەو سلێمانی ئاستەنگییەکی زۆر دروستبووە، بەو ڕێگەیەدا هاتوچۆ نەکەن، هاوکات بازگەی تاسڵوجەش داخراوە.

هاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، نزیک چێشتخانەی کانی شەیتان، لێزمە باران ئاستەنگییەکی زۆری لە شاڕێی سەرەکی بازیان بە ئاراستەی سلێمانی و بەپێچەوانەوە دروستکردووە، بۆیە داواکارین لە پێناو پاراستنی سەلامەتی شۆفێران و ئۆتومبیلەکانیان تا ئاساییبونەوەی دۆخی کەشوھەوا ئەو شەقام و شارێیە بەکار نەھێنن. 

هەروەها ئاماژەیداوە، مەفرەزەکانی ھاتوچۆ لەو سنوورەدا لە ئەرکدان و وبەپێی تایبەتمەندی، ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و ھاوکاری شۆفێران دەکەن. 

ھەر لەم چوارچێوەیەشدا و لەسەر فەرمانی پارێزگاری سلێمانی بەشێوەیەکی کاتی بازگەی تاسڵوجە بەڕووی شۆفێراندا داخرا، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ ئاماژەیداوە، دۆخەکە لەژێر چاودێریدایە و بەئاساییبوونەوەی دۆخی کەشوھەوا، ڕەوشی ھاتوچۆ ئاسایی دەکرێتەوە. 

هەروەها ڕایگەیاندووە، لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا دەتوانن لەرێی ژمارەی کۆنترۆڵی ھاتوچۆی سلێمانی 188 داوای ھاوکاری بکەن .

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل