سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی هەڵەبجە پشووی فەرمییە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە بەهۆی پێشبینییەکانی کەشوهەوا و لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی خوێندکاران و مامۆستایان، بڕیاریدا سبەی چوارشەممە لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی و سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمی بێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پەروەردەی هەڵەبجە، بڕیارەکە دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە دراوە و ڕۆژی 10/12/2025 دەگرێتەوە.
پشووەکە سەرجەم باخچەکانی منداڵان، قوتابخانە حکوومی و ناحکومییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە دەگرێتەوە، ئەمەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بەرانبەر دۆخی کەشوهەوا.
ڕاگەیاندنی پشوو لە هەڵەبجە هاوکاتە لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین بۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیەوە لە هەندێک ناوچە لافاو دروست بووە و مەترسیی لەسەر هاتوچۆ دروست کردووە.
پێشتر هەریەک لە قایمقامیەتی چەمچەماڵ و پەروەردەی شارەزوور بەهۆی هەمان هۆکارەوە پشووی فەرمییان بۆ سبەی ڕاگەیاندبوو، دەستەی کەشناسیش هۆشداری داوە کە کاریگەریی شەپۆلەکە هێشتا ماوە و پێویستە هاووڵاتیان وریا بن.
