نەخۆشییەکی مەترسیدار لە ئاژەڵە ماڵییەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە

گۆڤاری Emerging Infectious Diseasesبڵاوی کردووەتەوە، زانایان توانییان جۆرێکی نوێی بەکتریا بدۆزنەوە کە دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردنی مەترسیدار و لەوانەیە لە ئاژەڵە ماڵییەکانەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.

توێژەران ئاشکرایان کرد، ئەم جۆرە نوێیەی بەکتریا سەر بە گرووپی Rickettsia یە و ناویان ناوە "Rickettsia finnyi"، ئەوەش دوای ئەوەی بووە هۆی نەخۆشییەکی نەناسراو بۆ سەگ و مرۆڤ و دەرکەوتنی هەمان نیشانە لە هەردووکیان. 

گۆڤارەکە ڕوونیکردووەتەوە کە هەوکردنەکە دەتوانێت لە سەگ و ئاژەڵە ماڵییەکانەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە لە ڕێگەی کەنەیەکەوە کە بە "کەنەی لووت ئەستێرەیی" ناسراوە.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە بەکتریاکە نیشانەی هاوشێوەی "تای پەڵەدار" (Spotted Fever) یان "تای شین" لە سەگەکاندا دروست دەکات،  و دەبێتە هۆی بێهێزی و دابەزینی توندی ژمارەی پەڕەکانی خوێن (Blood Platelets). 

بەکتریاکە لە خوێنی سەگێکی نەخۆش جیاکرایەوە و لە تاقیگەدا گەشەی پێدرا، هەروەها شیکاری بۆ تەواوی ڕیزبەندییە بۆماوەییەکەی کرا، و دەرکەوت کە جۆرێکی تەواو نوێیە و پەیوەندی بە هۆکارەکانی تای پەڵەدارەوە هەیە.

توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە دەرکەوتنی "Rickettsia finnyi"، پێویستی بە بەهێزکردنی چاودێری ڤێتێرنەری و پەتاناسی هەیە، چونکە سەگەکان دەتوانن نیشاندەرێکی پێشوەختە بن بۆ دەرکەوتنی هەوکردنەکە، هەروەها دەبێت ئاژەڵە تووشبووەکان دەستنیشان بکرێن و چاودێری وردی بڵاوبوونەوەی بەکتریاکە بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ مرۆڤ بکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل