گوندنشینانی باڵەکایەتی خواردنێکی کۆنی کوردەواری زیندوو دەکەنەوە

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و دابارینی یەکەم بەفر، گوندشینانی دەڤەری باڵەکایەتی خواردنێکی کۆنی کوردی بەناوی گریسە (كاكڵه‌بۆ) دروست دەکەن. گریسە تام و چێژێکی تایبەتی هەیە و بە خواردنێکی وزەبەخش ناسراوە.

چۆنییەتی ئامادەکردنی گریسە

ئافرەتانی گوندنشین گوێزەکان بە وردی دەشکێنن و ناوکەکەی دەردەهێنن، پاشان لەسەر پەلەوەرێکی کزی گەرمدا دەیبرژێنن. دواتر گوێزە برژاوەکە لە "جۆن"ـی بەردیندا دەکوتن تاوەکوو بە تەواوی ورد دەبێت و ڕۆنەکەی دەردەچێت. ئەم خواردنە بە شێوەیەکی تەقلیدی ئامادە دەکرێت و دوای نزیکەی دوو کاتژمێر لە ماندووبوون و بەکارهێنانی هێزی دەست و بازوو، گریسەکە ئامادەی خواردن دەبێت.

ئافرەتە بەتەمەنەکانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن، گریسە خواردنێکی زۆر کۆنە و لە باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە. زین سەدیق، یەکێک لە ئافرەتەکان گوتی: "ئەم خواردنە تامی خۆشترە لەو خواردنانەی بە ئامێری نوێ دروست دەکرێن".

خواردنێکی شاهانەیی و وزەبەخش

لەسەردەمی کۆندا، گریسە بە خواردنێکی شاهانەیی دادەنرا و هەموو کەسێک توانای دروستکردنی نەبووە. گوندنشینان لە وەرزی زستاندا وەک ژەمێکی بەیانیان سوودیان لێ وەردەگرت، چونکە بە خواردنێکی وزەبەخش دادەنرێت و هێز و توانایەکی باشی پێداون بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان.

پیاوێکی بەتەمەنی گوندەکە ئاماژەی بەوەدا، گریسە لە وەرزی زستان و پایزدا زۆر دەخورێت و لە مانگی ڕەمەزانیشدا خواستێکی زۆری لەسەرە. هەروەها گوتی: "گریسە بۆ لەش زۆر بەسوودە و گەرماوگەرم لەگەڵ نانی تیریدا دەخورێت".

گریسە یەکێکە لە خواردنە دێرینەکانی کورد. ئەم خواردنە بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان باو بووە، ناوچە شاخاوییەکان بە شوێنی سەرەکیی دار گوێز دادەنرێن. بەرهەمی گوێز بە چەندان شێوەی جیاواز بۆ خواردن ئامادە کراوە. گریسە لەلایەن گوندنشینان و چینی بەتەمەنەوە هێشتا خواستێکی زۆری لەسەرە، بەڵام لەنێو نەوەی نوێدا کەمتر ناسراوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل