سبەی لە کەرکووک پشووی فەرمییە
پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند: سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگە حکوومییەکانی پارێزگاکە پشووی فەرمی دەبێت.
پارێزگای کەرکووک لە ڕاگەیەراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سبەی پێنجشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە سەرجەم فەرمانگە حکوومییەکان و ناوەندەکانی خوێندنی پارێزگاکە، پشووی فەرمی دەبێت.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، ڕاگرتنی دەوامی فەرمی لە فەرمانگە، قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان، بۆ هۆکاری نالەباری کەشوهەوا دەگەڕێتەوە، کە ماوەی دوو ڕۆژە شەپۆلێکی لێزمە باران ڕووی لە زۆرینەی پارێزگا، شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، لە چەندین شوێن ببووە هۆی لافاو.
پارێزگای کەرکووک، دەشڵێت: سبەی شانەی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان لە پارێزگاکە، بەردەوام دەبێت لە کارەکانی لە پێناو سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان.
ماوەی دوو ڕۆژە شەپۆلێکی بەهێز و چڕی بارانبارین زۆربەی پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە هەندێک ناوچەدا بەهۆی زۆریی بڕی بارانەوە لافاو دروست بووە و زیانی گیانی و ماددیی لێ کەوتووەتەوە.
ڕووداوەکان تەنیا بە زیانی ماددی کۆتاییان نەهات، بە پێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی و لایەنە تەندروستییەکان، لە چەند ناوچەیەکی جیاواز بەهۆی لافاوەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە تەرمی قوربانییەکان دەربهێنن و بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەکان بکەن.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس و شارەوانییەکان لە سەرجەم شارەکاندا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لە زۆر شوێن توانیویانە ئەو هاووڵاتییانە ڕزگار بکەن کە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان یان ماڵەکانیاندا گیریان خواردبوو.
ئەم شەپۆلە بارانبارینە پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکەی هێشتا بەردەوام بێت، کە وای کردووە دەزگا پەیوەندیدارەکان هۆشداری بدەنە شۆفێران و هاووڵاتییان کە لە کاتی پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان دەرنەچن و لە ڕێڕەوی لافاو دوور بکەونەوە.
