"هێدی هێدی له‌گه‌ڵ تووشبووانی كۆرۆنا، ئێمه‌ش ده‌مرین"
"ئه‌وان له جه‌نگێكدان هیچی كه‌متر نییه له جه‌نگه جیهانییه‌كان"
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و په‌رستاران له ئه‌مه‌ریكا هێدی هێدی له‌گه‌ڵ تووشبووانی كۆرۆنا ڤایرۆس ده‌مرن یان رۆژانه له دۆخێكدان مردن به ئاوات ئه‌خوازن.
ئه‌وان له جه‌نگێكدان هیچی كه‌متر نییه له جه‌نگه جیهانییه‌كان. به روخسارێكه‌وه ده‌چنه سه‌ر كاره‌كانیان، له‌و سه‌ره‌وه ئێواران به روخسارێكی دیكه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
ڤێرنیكا شون كارمه‌ندی ته‌ندروستی له نه‌خۆشخانه‌ی سانفۆرد له شاری فارگۆ-ی ویلایه‌تی نۆرس داكۆتا به كوردستان 24-ی گوت: "له‌ناو كارگه‌ی مردنداین، له هه‌ر ساتێك‌دا بێت ده‌مرین".
به توڕه‌یی و سه‌رسوڕمانه‌وه ماسكه‌كه‌ی لابرد و گوتی: "ببینه جێگه‌ی لاستیكی ماسكه‌كه هه‌مووی بووه به په‌ڵه و جێگه‌كانی رۆژانه دووباره ده‌بێته‌وه.. مردنه .. مردن".
هاووڵاتی پێی وایه ئه‌مه نیشانه‌ی خۆڕاگریی و دڵسۆزییه به رووخساری ترسێنه‌ریانه‌وه جێده‌مێنێت.
كارمه‌نده مێیینه‌كانی بواری ته‌ندروستی له ئه‌مه‌ریكا هاواریانه ئه‌م مه‌رگبارانه كه‌ی كۆتایی دێت و زانست بۆ شكستی هێناوه له‌به‌رده‌م ئه‌م ڤایرۆسه‌دا.
ڤێرنیكا گوتی: "ئۆهـ خودایه ئه‌مه چ شه‌ڕێكه!! زیاتر له 250 هه‌زار كه‌س له‌ئه‌مه‌ریكا تێیدا مردووه و كۆتایی نایه‌ت". "هێشتا مژده‌ی ئه‌وه به‌گوێماندا ده‌ده‌ن تا نیسان و ئایار به‌رده‌وام ده‌بێت". "ته‌واو نابێت.. ته‌واو نابێت" به‌ده‌م گریانه‌وه!
له 2020دا په‌رستار و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌ئه‌مه‌ریكا له‌بری پڕكردنه‌وه‌ی چاڵ و چۆڵی ده‌موچاویان به كرێمی گرانبه‌ها و جوانكاری بۆتۆكس و ماكیاج، ماوه‌ی زیاتر له 8 مانگه بوونه‌ته جه‌نگاوه‌ری سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، كه هیچی كه‌متر نییه له كرێكارانی كانه خه‌ڵوزه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست له ئه‌مه‌ریكا.
كاسی درال په‌رستارێكی به توانایه له نه‌خۆشخانه‌ی سانفۆرد-ی ویلایه‌تی مینیسۆتا له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانیدا به‌ر له‌وه‌ی له مانگی ئاب وه‌ك به‌ركه‌وته‌یه‌كی كۆرۆنا گیانله‌ده‌ست بدات، نووسیویه‌تی: "دڵخۆشم كه په‌رستارم، به‌ڵام پێشبینی ناكه‌م له سه‌رده‌می كۆرۆنا ڤایرۆسدا كه‌س بووبێت به په‌رستار. هیچ كه‌س ئه‌و سه‌ره‌ڕۆییه ناكات، به‌ڵام ژیان به‌خێرایی له‌سه‌رده‌می كۆڤید-19 به‌رده‌وامه". له درێژه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانیدا نووسیویه‌تی: "په‌رستاری شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام دۆخێكی وێرانكه‌ره به به‌رچاوته‌وه خه‌ڵك ده‌مرێت. له‌وه‌ش وێرانتر ئه‌وه‌یه له هه‌ر چركه‌یه‌كدا بێت منیش ده‌مرم، چونكه زۆر هاوڕێم مردن".
كاسی راستگۆیانه پێش ئه‌وه‌ی بمرێت پێشبینی بۆ خۆی كردووه. كاسی یه‌كێكه له‌و 1700 كارمه‌نده پزیشك و په‌رستارانه‌ی، له ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی به‌ركه‌وتنیان به نه‌خۆشه‌كانی كۆڤید-19 تووشبوون و مردوون.
تا 14 ی نیسان هیچ ئامارێك له‌باره‌ی مردنی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی نه‌خرایه‌ڕوو، ئه‌مه‌ش وه‌ك پاڵپشتێك، بۆ ئه‌وه‌ی وره‌ی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی دانه‌ڕمێت، به‌ڵام دواتر به باش زانرا ئاماره‌كان بخرێنه‌ڕوو تا كارمه‌ندان به وریاییه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن.
له 14ی نیسان ژماره‌ی مردنی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی به كۆرۆنا ڤایرۆس كه له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه درمه‌كان و خۆپاراستن ئاشكرا كرا، 27 كارمه‌ند بوو.
له‌ماوه‌ی 7 مانگدا ئه‌م ژماره‌یه هه‌ڵكشانی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه‌بینی و له مانگی تشرینی یه‌كه‌م گه‌یشته 1700 كارمه‌ند، له‌وانه‌ش 1500یان په‌رستارن.
دواهه‌مین كارمه‌ندی ته‌ندروستیی ده‌ستی كرۆنا ڤایرۆس له شاری هیوستن-ی ویلایه‌تی ته‌كساس بوو، كه ئه‌ویش د. ئه‌دیلان فه‌گین -ی ته‌مه‌ن 23 ساڵ بوو كه دوای مانگێك مانه‌وه له ژێر چاودێری چڕی پزیشكی گیانی له‌ده‌ستدا، بێئه‌وه‌ی پێشتر هیچ نه‌خۆشییه‌كی دیكه‌ی هه‌بێت.
ئه‌م خاتوونه پزیشكه ته‌نیا له‌ئه‌نجامی به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ تووشبوانی كۆرۆنا ڤایرۆس گیانی له‌ده‌ستدا. بۆیه هاوڕێكانی ئه‌دیلان ده‌یگێڕنه‌وه، دوو هه‌فته به‌ر له‌وه‌ی تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس ببێت، گوتویه‌تی: "ئێمه‌ش هێدی هێدی له‌گه‌ڵ تووشبوانی كۆڤید-19 ده‌مرین".