یەکەمین کاروانی نەخۆشانی تالاسیمیا دوای نەشتەرگەریی گەڕانەوە هەرێمی کوردستان
دوای ئەوەی بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران بۆ چارەسەری، ژمارەیەک لە نەخۆشانی تالاسیمیا گەیشتنەوە کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 100 ڕۆژ بەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆز و هەستیار لە دەرەوەی وڵات، دواجار بە مژدەی سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکانیانه گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
لە چوارچێوەی پڕۆژە گەورەکەی حکوومەتی هەرێم بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتی نەخۆشانی تالاسیمیا، یەکەمین گرووپی تووشبووان کە لە سێ نەخۆش پێکهاتبوون، دوای ئەوەی نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسکیان بە سەرکەوتوویی بۆ ئەنجامدرا، بە تەندروستییەکی باش و دڵێکی پڕ لە ئومێدەوە گەیشتنەوە باوەشی خێزانەکانیان.
وردەکاریی پڕۆژەکە و گەڕانەوەی نەخۆشەکان
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 12ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەو سێ تووشبووەی تالاسیمیا کە بەشێک بوون لەو کاروانانەی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرابوون، بە سەلامەتی گەیشتنەوە نێو کەسوکاریان، ئەم هەنگاوە بە دەستپێکی بەرهەمی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکوومەت دادەنرێت کە ئامانجی بنبڕکردنی یەکجارەکیی ئەم نەخۆشییەیە.
وەزیری تەندروستی لە پەیامێکدا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ سەلامەتی نەخۆشەکان، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژە مرۆڤدۆستییە بە پاڵپشتی و پەرۆشیی ڕاستەوخۆی ی سەرۆکی حکوومەت دەستیپێکردووە و بووەتە مایەی گەڕاندنەوەی هیوا و ژیان بۆ سەدان خێزان کە ساڵانێکە بە دەست ئازاری ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەرجییەکان و ئیدارەدانی پڕۆسەکەی لە ئەستۆ گرتووە، ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە تەنها بریتی نییە لە ناردنە دەرەوە، بەڵکو پاکێجێکی تەندروستیی تێروتەسەلە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو لایەنەکانی لە ئەستۆ گرتووە، وەک.
حکومەت تەواوی خەرجییەکانی (پشکنین، ئامادەکاری، ڤیزا، بلیتی فڕۆکە، مانەوەی نەخۆش و هاوەڵەکانیان، تێچووی نەشتەرگەری و دەرمان) لەسەر بودجەی تایبەت دابین کردووە.
هەتا ئێستا چوار کاروان ڕەوانە کراون، ئێستا 172 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان (پێکدێن لە نەخۆش، بەخشەری مۆخ و هاوەڵەکانیان) لە دەرەوەی وڵاتن و لەژێر چاودێری و چارەسەردان.
وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کرد، لە ڕۆژانی داهاتوودا، کاروانی پێنجەمی تووشبووان و هاوەڵەکانیان بەڕێ دەکرێن بۆ هەمان مەبەست.
ئەم دەستپێشخەرییە وەک چەتری هیوا وایە بۆ خێزانەکان، چونکە نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسک تاکە چارەسەری بنبڕە بۆ تالاسیمیا و تێچووەکەی زۆر گرانە، بەڵام ئێستا بە خۆڕایی و بە ستانداردێکی جیهانی بۆ هاووڵاتیان دابین دەکرێت
