هەرێمی کوردستان..576 کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی لە مین پاککراوەتەوە
دوای 35 ساڵ دوورکەوتنەوە، جارێکی دیکە دەست بە خاوێنکردنەوەی زەویەکەی دەکات بۆ کێڵان، ئەمەش دوای ئەوە دێت زەوییەکە لە مین و تەقەمەنی حکوومەتی پێشووی عێراق پاککراوەتەوە.
بە گوتەی ئەم هاووڵاتییەی شارەدێی مانگێشکێ، تەنیا لە سنوورەکەیان زیاتر لە 20 جووتیار زەرەرمەند بوونە بە مین و تەقەمەنی و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی و ئاژەڵ بووەنەتە قوربانی.
ئەدیب ئەکرەم، هاووڵاتی، بە کوردستان24ـی گوت: دوای پاککردنەوەی زەوییەکان لە مین و تەقەمەنی دەست بە کێڵان کراوە و بارودۆخ ئاسای بووەتەوە، ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتیش بە ئاسای دێتە ئەم شوێنە، بەڵام پێشتر هیچ کەسێک نەیدەتوانی بێتە سەر ئەم زەوییە.
لە کۆی 779 کیلۆمەتر چوارگۆشەی زەوی مین ڕێژکراو لە هەرێمی کوردستان، تاوکوو ئێستا 576 کیلۆمەتر چوارگۆشە هاتووەتە خاوێنکردنەوە، هەروەها 13 هەزار و 600 کەس بووەنەتە قوربانی مین و تەقەمەنی.
بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئوتاوای نێودەوڵەتی پێویستبوو لە ساڵی 2018 تەواوی عێراق لە مین و تەقەمەنی خاوێنکرابایەوە.
جەبار مستەفا، سەرۆکی گشتیی دەزگای کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێویستبوو لە ساڵی 2018وە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی لە مین و تەقەمەنی خاوێنکرابایەوە، بەڵام نەتوانرا جێبەجێ بکرێت، بۆیە ماوەی 10ساڵیان درێژکردەوە.
عەبدوڵعەزیز محەممەد ساڵح، بەرپرسی بەشی چالاکی لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دووژمنێکی شاراوەیە، کارمەندانی مین هەرکاتێک لەماڵ دێنە دەرەوە، بە گیان فیداییەوە کارەکانیان، ڕۆژانە و بەردەوام لەگەڵ تیمەکانمان ئەو زەوییانەی مین ڕێژکراون خاوێندەکەینەوە.
