ئەگەر واز لە گۆشت خواردن بهێنیت چی ڕوو دەدات؟

وازهێنان لە گۆشت خواردن، جەستەی مرۆڤ تووشی گۆڕانکاریی گەورە دەکات، لەوانە چالاکبوونی هەرس و کەمبوونەوەی چەوری، بەڵام پشتگوێخستنی جێگرەوەکان ڕەنگە ببێتە هۆی کەمخوێنی و پووکانەوەی ئێسک.

بە گوێرەی ماڵپەڕیی (Health)ی تەندورستی، لابردنی گۆشت لە سیستەمی خۆراکیدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی بەرچاو لە جەستەدا، ڕەنگە هەندێک لەم گۆڕانکارییانە دەستبەجێ دەربکەون، بەڵام هەندێکی دیکەیان بە تێپەڕبوونی چەند هەفتە یان چەند مانگێک گەشە بکەن دوای ئەوەی جەستە لەگەڵ سیستەمە خۆراکییە ڕووەکییەکاندا خۆی دەگونجێنێت.

دیارترین ئەو گۆڕانکارییانە بریتین لە:

1-باشترکردنی تەندروستیی دڵ
کەمکردنەوەی خواردنی گۆشت یان وازهێنان لێی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بڕی چەورییە تێرەکان (saturated fats) و کۆلیسترۆڵ لە جەستەدا، کە زیاد بوونیان دەبێتە هۆی کێشەی دڵ.

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە سیستەمە خۆراکییە ڕووەکییەکان، پەیوەندییان بە دابەزاندنی پەستانی خوێن و ئاستی کۆلیسترۆڵەوە هەیە، ئەمەش بەشدارە لە باشترکردنی تەندروستیی دڵ.

 مەرج نییە هەموو خۆراکە ڕووەکییەکان، وەک هەندێک خۆراکی سوورەوەکراو و شیرینی بۆ دڵ بەسوود بن. بۆیە لە کاتی دوورکەوتنەوە لە گۆشت، هەوڵبدە سەرنج بخەیتە سەر خواردنی بڕێکی زۆر لە سەوزە و کاربۆهیدراتە دەوڵەمەند بە ماددە خۆراکییەکان و چەورییە تەندروستەکان.

2-دابەزاندنی کێش
پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی ڕووەکی دەکرێت ببێتە هۆی دابەزاندنی کێش، ئەمەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنەوەی کالۆری وەرگیراو و خواردنی زیاتری ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵ و بۆ ماوەیەکی درێژتر هەستی تێربوونت پێ دەبەخشن.

هەروەها ژمارەیەک لە توێژینەوە گەورەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو کەسانەی پەیڕەوی سیستەمی خۆراکیی ڕووەکیی دەکەن، کەمتر ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم هەیە بە بەراورد بەوانەی گۆشت دەخۆن.

3- باشترکردنی پڕۆسەی هەرس
بە شێوەیەکی گشتی سیستەمی خۆراکیی ڕووەکیی بێ گۆشت، دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵە خۆراکییەکان، ئەمەش پڕۆسەی هەرس باشتر دەکات و جووڵەی ڕیخۆڵە ڕێکدەخات.

هەندێک لە توێژینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستەمە خۆراکییە ڕووەکییەکان ڕەنگە "مایکرۆبایۆم"ی ڕیخۆڵە (بەکتریای سوودبەخش) باشتر بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا،  توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە سوودە تەواوەکانی سیستەمی خۆراکیی ڕووەکی لەسەر تەندروستیی گشتیی ڕیخۆڵە.

4- کەمبوونەوەی ماددە خۆراکییە گرنگەکان
بەبێ پلانی ورد، پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی بێ گۆشت ڕەنگە ببێتە هۆی کەمیی ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان، لەوانە:

-ڤیتامین B12
-ڤیتامین D
-ئاسن
-زینک
-کالسیۆم


ئەم ماددە خۆراکییانە بۆ ژمارەیەک لە فرمانەکانی جەستە پێویستن، و بەدەستنەهێنانی بڕی پێویست لێیان ڕەنگە ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی وەک کەمخوێنی و پووکانەوەی ئێسک.

لە کاتی پلاندانان بۆ سیستەمێکی خۆراکیی بێ گۆشت، زۆر گرنگە سەوزە و پاقلەمەنی و میوە دەوڵەمەندەکان بە ماددە خۆراکییەکان لەخۆبگرێت. هەروەها دەتوانیت خۆراکە بەهێزکراوەکان هەڵبژێریت، و ڕاوێژ بە پسپۆڕی خۆراک یان پزیشک بکەیت سەبارەت بە خواردنی تەواوکەرە خۆراکییەکان.

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل