چای گوڵە بەیبوون یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن و ڕێکخستنی خەو دەدات
گوڵە بەیبوون کە لە سەردەمی یۆنانییەکانەوە وەک چارەسەر بەکار هاتووە، هێورکەرەوەیەکی سروشتییە و ڕۆڵی لە باشترکردنی خەو و پاراستنی تەندروستیی دڵ و کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێندا هەیە.
چای گوڵە بەیبوون لە سەردەمی یۆنانییە کۆنەکانەوە بەکاردێت، کە شارەزاییەکی فراوانیان هەبوو لە چارەسەرە سروشتییەکان. ئەم گیایە ماددەی کیمیایی ئەپیجینین (Apigenin)ی تیادایە کە هەستی ئارامی و خەواڵووبوون دەبەخشێت.
ڕۆژنامەی "ئیندیپێندێنت"ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، بێس چێرۆنی، پسپۆڕی خۆراک بە ئاژانسی "کلیڤلاند کلینیک"ی ڕاگەیاندووە: "بەیبوون وەک ئارامکەرەوەیەکی سووک کار دەکات و بەڕاستی یارمەتی خەوتن دەدات"، ڕووەکەکە جگە لەمانە سوودی تەندروستی دیکەشی هەیە کە دیارترینیان:
• کاریگەرییە ئارامکەرەوەکەی خواردنەوەی چای بەیبوون دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن ئەمەش مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ کەم دەکاتەوە.
• بەهۆی دەوڵەمەندیی بە ڤیتامین وکانزاکانی وەک پۆتاسیۆم و کالسیۆم، یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی کۆئەندامی دەمار، تەندروستی ئێسک و ڕێگرە لە دروستبوونی بەردی گورچیلە جگە لەمەش یارمەتی ڕێکخستنی لێدانی دڵ دەدات.
بە گوێرەی کۆمەڵەی دڵی ئەمەریکی، خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە پۆتاسیۆم دەکرێت مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ کەم بکاتەوە کە پەیوەستن بە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی پڕ لە خوێ.
بڕی پۆتاسیۆم و کالسیۆم
شارەزایان پێشنیازی وەرگرتنی 2600 ملیگرام پۆتاسیۆم بۆ ژنان و 3400ملیگرام بۆ پیاوان دەکەن لە ڕۆژێکدا. بە گوێرەی سەنتەری پزیشکی لە "زانکۆی ڕۆچێستەر"، یەک کوپ چای بەیبوون نزیکەی 21 ملیگرام پۆتاسیۆمی تێدایە.
سەوزە گەڵادارەکان، پەتاتەی شیرین، مۆز و ئاڤۆکادۆ بە خۆراکی نایاب و دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم دادەنرێن، کە دەکرێت زیاد بکرێن بۆ سیستەمی خۆراکی بۆ ئەوەی یارمەتی بەدەستهێنانی بڕی پێویستی پۆتاسیۆمی ڕۆژانە بدەن.
هاوشێوەی پۆتاسیۆم، کالسیۆم پارێزگاری لە بەهێزی ئێسک و تەندروستی ددانەکان دەکات. ماڵپەڕی "مایۆ کلینیک" ئاماژە بەوە دەکات کە "دڵ، ماسوولکەکان و دەمارەکانیش پێویستیان بە کالسیۆمە بۆ ئەوەی بە دروستی کار بکەن".
تایبەتمەندی دژە هەوکردن
بە گوێرەی توێژینەوەکان کە سەنتەری "میمۆریال سلۆن کێتەرینگ"ی تایبەت بە شێرپەنجە پشتی پێ بەستووە، مادە خۆراکییەکانی ناو بەیبوون تایبەتمەندی دژە هەوکردنیان هەیە کە دەکرێت ببێتە هۆی هەندێک نەخۆشی درێژخایەن و شێرپەنجە هەروەها زانکۆی پزیشکی کۆلێژی هارڤەردیش پاڵپشتی هەمان ڕا دەکات.
لە لایەکی دیکەوە توێژەرانی "زانکۆی لیدز" دەڵێن، پێکهاتە کیمیاییەکانی بەیبوون سوودی خۆیان دەرخستووە لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی شەکرە یان تەنانەت ڕێگریکردن لێی.
نەخۆشانی هەستیاری و ژنانی دووگیان
ئەکادیمیای ئەمەریکی بۆ پزیشکانی خێزان، ئامۆژگاری ژنانی دووگیان دەکەن خۆیان لە بەیبوون بەدوور بگرن، چونکە دەکرێت ببێتە هۆی منداڵبوونی پێشوەختە. هەروەها ئەو کەسانەی پێشینەی هەستیاری توندیان هەیە، چونکە ڕەنگە بەیبوونەکە بە تۆزی گوڵ (Pollen)ی ڕووەکەکانی دیکە پیس بووبێت.
بە شێوەیەکی گشتی، خواردنەوەی کووپێک یان دوو کووپ چای بەیبوون سەلامەتە بۆ زۆربەی خەڵک، مرۆڤ تەنیا پێویستی بە یەک کووپی ڕۆژانەیە بۆ بەدەستهێنانی سوودەکانی کە دیارترینیان هێورکردنەوە و نەهێشتنی دڵەڕاوکێیە.
