کامیان باشترە هێلکەی سپی یان قاوەیی؟
بۆ ماوەی چەندین ساڵ، زۆرێک لە خەڵکی پێیان وابوو کە هێلکەی قاوەیی بژاردەیەکی باشتر و تەندروستترە و بەهای خۆراکی زیاترە بەراورد بە هێلکەی سپی، بەڵام پسپۆران ئەو بیروباوەڕە چەوتەیان بە درۆ خستەوە.
هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، پسپۆڕانی بواری خۆراک دوای توێژینەوەیەکی وورد لەسەر هەردوو جۆری هێلەکەی رەنگی سپی و قاوەیی ئاشکرایان کردووە، بەهۆی رەنگەکەیەوە هێلکەی قاوەیی ببووە رەمزی بژاردەی سروشتی، تەنانەت فرۆشگا گەورەکانیش بەپێی ویستی کڕیاران هێلکەی سپییان لە لیستەکانیان دوورخستبووەوە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە پسپۆران جەخت دەکەنەوە هیچ جیاوازییەکی خۆراکی لە نێوان هێلکەی قاوەیی و سپیدا نییە، رەنگی توێکڵەکە تەنها پەیوەندی بە جۆری (سلالە)ی مریشکەکەوە هەیە و کاریگەری لەسەر تەندروستی نییە، بەڵکو شێوازی ئامادەکردنی هێلکەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەهای خۆراکی ژەمەکە هەیە.
سوودە تەندروستییەکانی هێلکە:
هێلکەیەکی گەورە نزیکەی 78 کالۆری، 5.4 گرام چەوری، و 7.5 گرام پرۆتینی تێدایە، بێ ئەوەی هیچ کاربۆهیدراتێکی تێدا بێت.
گرنگترین سوودەکانی بریتین لە:
١. دەوڵەمەندە بە پرۆتین: یارمەتی چاکبوونەوە و گەشەی ماسولکەکان دەدات و هەستی برسیێتی کەمدەکاتەوە.
٢. سەرچاوەی ترشە ئەمینییەکان: هێلکە هەر 9 ترشە ئەمینییە سەرەکییەکەی تێدایە کە جەستە ناتوانێت خۆی بەرهەمیان بهێنێت.
٣. کۆگای ڤیتامینەکان: زەردێنەی هێلکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی (A, D, B) و ماددەکانی وەک کالیسیۆم، زینک، پۆتاسیۆم و ئاسن.
رێژەی پێشنیارکراو و شێوازی خواردن:
پسپۆران ئامۆژگاری دەکەن کە رۆژانە یەک بۆ دوو هێلکە بخورێت، تەندروستترین رێگاکانیش بۆ خواردنی بریتین لە:
هێلکەی کوڵاو.
سوورکردنەوەی هێلکە بە زەیتی زەیتوون یان زەیتی ئەڤۆکادۆ.
ئایا زەردێنەی هێلکە لابدەین؟
هەرچەندە زۆربەی چەوری و کۆلیسترۆڵەکە لە زەردێنەکەدایە، بەڵام پسپۆران رێنمایی دەدەن کە هێلکەکە بەتەواوی بخورێت باشترە، لەمبارەیەوە رایان ستیڤنسۆن، پسپۆری خۆراک دەڵێت: "ئەو ترسەی خەڵک لە چەوری و کۆلیسترۆڵی ناو زەردێنە هەیانە، لە ئێستادا لە رووی زانستییەوە بنەمایەکی بەهێزی نییە"، چونکە زەردێنەکە بەشە هەرە دەوڵەمەندەکەیە بە ماددە خۆراکییەکان.