گۆمی کۆدۆ سەرنجی گەشتیارانی راکێشاوە
لە بەرزایی 2 هەزار و 800 مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریا، لە دامێنی چیای "کۆدۆ"ی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گۆمێکی سروشتیی دەستکرد بەناوی "گۆمەهیشکێ" بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران و کۆچەرییەکان. ئەم ناوچەیە بە سروشتە جوانەکەی و هەوا فێنکەکەی، لە ناوەڕاستی وەرزی گەرمادا وەک هاوینەهەوارێکی سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت.
لە دامێنی چیای کۆدۆ لە سنووری باڵەکایەتی، گۆمەهیشکێ کە ماوەی سێ ساڵە لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە بە فراوانکردنی سەرچاوە ئاوییەکان دروست کراوە، ئێستا یەکێکە لەو شوێنانەی کە رۆژانی پشوو بە سەدان گەشتیار لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە رووی تێ دەکەن.
گەشتیاران باس لەوە دەکەن کە سروشتی ناوچەکە و ئاو و هەوا فێنکەکەی، وایان لێ دەکات هەر جارە و لە شارێکی جیاوازەوە بۆ بەسەربردنی کاتی پشوو سەردانی ئەم بەرزاییانە بکەن. هەروەها، بەرپرسانی گەشتوگوزاری ناوچەکە کار لەسەر ئەوە دەکەن کە هۆشیاریی گەشتیاران بەرز بکەنەوە تاوەکو پارێزگاری لە پاکوخاوێنیی ئەم گۆمە و دەوروبەری بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش پلانیان هەیە شوێنی تایبەت بە کۆکردنەوەی پاشماوەکان لە دەوروبەری گۆمەکە دابین بکەن.
جگە لە لایەنە گەشتیارییەکەی، ئەم گۆمە بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی ئاو بۆ ئاژەڵەکانی ئەو کۆچەری و مەڕدارانەی کە لە وەرزی هاویندا روو لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی دەکەن.
سروشت لێرە لە نێوان دوو بەرگی جیاوازدا خۆی پیشان دەدات؛ بەفر و سەوزایی و گوڵە کێوییەکانی وەک (هەڵاڵە، سۆیسن و شەلاێر) دیمەنێکی بێوێنەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.
چیای کۆدۆ و دەوروبەری بەهۆی بەرزایی و سەختی رێگەکەیەوە، هێشتا وەک ناوچەیەکی کچێن و دەستکاری نەکراو ماوەتەوە، ئەمەش وای کردووە جێگەیەکی گونجاو بێت بۆ ئەو گەشتیارانەی کە دەیانەوێت لە جەنجاڵیی شار و گەرمای هاوین دوور بکەونەوە.