ئەردۆغان داوا لە پوتن دەکات بەندەر و دامەزراوەکانی وزە بپارێزێت

سەرۆک کۆماری تورکیا لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا پێشنیازی ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی سنوورداری کرد کە تێیدا بەندەرەکان و دامەزراوەکانی وزە لە جەنگی ئۆکرانیادا بکرێنە دەرەوەی بازنەی هێرشەکان.

هەینی 12ـی کانوونی یەکەمی 2025، نووسینگەی سەرۆکایەتیی تورکیا بڵاوی کردەوە، لە پەراوێزی لووتکەیەکدا لە وڵاتی تورکمانستان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی وڵاتەکەی لەگەڵ ڤڵادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کوبووەتەوە و تێیدا، ئەردۆغان بە پوتنی ڕاگەیاندووە، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بەنرخن و جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی سنووردار کە هێرشەکانی سەر دامەزراوەکانی وزە و بەندەرەکان ڕابگرێت، دەکرێت هەنگاوێکی سوودبەخش بێت.

ئەم لێدوانەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا چەند هێرشێک کرایە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە دەریای ڕەش، کە بەشێکیان لەلایەن ئۆکرانیاوە لەڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدرابوون. ئەمەش کاردانەوەی توندی ئەنقەرەی لێکەوتەوە و باڵیۆزانی ڕووسیا و ئۆکرانیای بانگهێشت کرد و هۆشداری دا کە ئەم جۆرە هێرشانە دەبنە هۆی ئاڵۆزیی زیاتر و پێشهاتەیەکی مەترسیدار.

تورکیا کە کۆنترۆڵی گەرووی بۆسفۆر دەکات ڕێڕەوی سەرەکی گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا و نەوتی ڕووسیایە، لە سەرەتای جەنگەکەوە هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ بپارێزێت.

پێشتریش لە مانگی تشرینی دووەمدا، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هاوپەیمانانی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، ڕێککەوتنی ئاگربەست لەسەر ژێرخانەکانی وزە و بەندەرەکان دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ دەستپێکردنی دانوستان بەرەو ئاشتییەکی گشتگیر.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل