بۆ جەژنی کریسمس رێکارەکانی کۆرۆنا لە ئەوروپا هەڵدەگیرێن
ئاسانکاریی زۆر بۆ هاووڵاتیان دەکرێت
K24- هەولێر:
بەریتانیا و فەرەنسا بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح، کریسمس، بڕیاریانداوە رێکارەکانی کۆرۆنا هەڵبگرن.
سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانیۆل ماکرۆن، رایگەیاند لە 15 مانگی داهاتووەوە رێکارەکان هەڵدەگیرێن، خەڵک دەتوانن سەردانی خێزان و هاوڕێکانیان بکەن بەبێ مۆڵەتی هاتووچۆ.
هەروەها بەریتانیا هەمان بڕیاریداوە، لە ماوەی جەژنی کریسمس، قەدەغەی هاتووچۆ و کۆبوونەوەکان هەڵدەگیرێن، بڕیارەکەش سکۆتلەندا، وێڵز و ئیرلەندا دەگرێتەوە.
ئەڵمانیاش هاوشێوەی ئەو وڵاتانە، نیازی هەیە رێکارەکانی کۆرۆنا لە ماوەی یەک مانگی داهاتوو کەمبکاتەوە.
ئەگەر حاڵەتەکانی کۆرۆنا بەمجۆرەی ئێستا لە ئەوروپا بەردەوام بێت، لە دوای کۆتایی هاتنی جەژنی سەری ساڵ، رەنگە رێکارەکانی کۆرۆنا جارێکی دیکە بسەپێنرێنەوە.
AFP