ترەمپ سکاڵایەکی 10 ملیار دۆلاری لەسەر BBC تۆمار دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سکاڵایەکی یاسایی لە دژی تۆڕی میدیایی (BBC) تۆمارکرد و داوای قەرەبوویەک دەکات کە بڕەکەی لە 10 ملیار دۆلار کەمتر نەبێت. ئەم سکاڵایە بەهۆی "دەستکاریکردنی ڤیدیۆ و ناوزڕاندن"ـەوە دێت.
سکاڵاکە لە ویلایەتی فلۆریدا تۆمارکراوە و تێیدا ترەمپ داوای لانی کەم 5 ملیار دۆلار وەک قەرەبووی ناوزڕاندن و 5 ملیار دۆلاری دیکەش بەهۆی "پێشێلکردنی یاساکانی بازرگانی و هەڵخەڵەتاندن" دەکات.
سەرچاوەی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەیەکی بەڵگەنامەیی (دۆکیۆمێنتاری) لە زنجیرە بەرنامەی بەناوبانگی "پانۆراما"، کە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی 2024 پەخشکرا. تێیدا بی بی سی دەستکاریی وتارێکی ترەمپی کردووە و مۆنتاژەکەی بە جۆرێک بووە وا دەردەکەوێت ترەمپ هانی "توندوتیژی" دەدات، بەر لەوەی لایەنگرانی لە 6ـی کانونی دووەمی 2021 هێرش بکەنە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ.
لەوبارەیەوە، گوتەبێژێکی تیمی پارێزەرانی ترەمپ بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە: "بی بی سی، کە سەردەمانێک جێگەی ڕێز بوو و ئێستا ناوبانگی لەدەستداوە، بە مەبەست و بە نێتی خراپە و لە ڕێگەی دەستکاریکردنی وتارەکەوە، هەوڵی لەکەدارکردنی ناوبانگی سەرۆک ترەمپی داوە بە ئامانجی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی 2024".
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "بی بی سی مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە چەواشەکردنی بینەرانی سەبارەت بە سەرۆک ترەمپ، تاوەکو خزمەت بە ئەجێندای سیاسیی چەپەکان بکات".
سەرەڕای ئەوەی بی بی سی پێشتر دانی بە هەڵەکەیدا ناوە و داوای لێبوردنی کردووە، هەروەها سەمیر شا، سەرۆکی بی بی سی "نامەیەکی تایبەت"ی بۆ کۆشکی سپی ناردووە بۆ داوای لێبوردن، بەڵام پێدەچێت ئەم هەنگاوانە توڕەیی سەرۆکە تەمەن 79 ساڵەکەیان دانەمرکاندبێتەوە.
