کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندکاری پارتی و یەکێتیی لە پیرمام، کۆتایی هات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و بڕیاریان داوە لەم نزیکانە جارێکی دیکە کۆببنەوە.
ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی دانوستانکاری پارتی گەیشتە باڵەخانەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام و کۆبوونەوە.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری هەردوو لایەن، پەیوەستە بە درێژەپێدانی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
کۆتا کۆبوونەوەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، لە 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، لە پیرمام بەڕێوەچوو.
بەهۆی دەسپێکردنی هەڵمەتی بانگەشە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، دانوستانەکان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم ڕاگیران.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا هەردوولا لەسەر زۆرینەی بابەتەکان ڕێککەوتوون، ئەوەی ماوەتەوە دابەشكردنی پۆستەکانە.
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان بە 39 کورسی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو، هەروەها یەکێتیی نیشتمانی کوردستان 23 کورسی بەدەستهێنا.
