وەزیری خوێندنی باڵا: قوتابیانی چەمچەماڵ لە کرێی خوێندنی پارالێل دەبەخشرێن
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، ستایشی ڕۆڵی سەرمایەدارانی کرد لە بەدەمهاتنی وەزارەتەکەی و ڕایگەیاند، ئەمساڵ قوتابیانی چەمچەماڵ لە کرێی خوێندنی پارالێلی زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکان دەبەخشرێن.
د. ئارام محەممەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕۆژی ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی کانوونی یەکەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەشداریی خاوەن زانکۆ ناحکوومییەکان لە چەرموو ئەو ڕاستییە دەسەڵمێنێت کە سەرمایەداران تەنیا لە خەمی پارەدا نین، بەڵکوو لە خەمی گەل و نیشتمانەکەیانن چاویان لە زیاتر ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیانە.
وەزیری خوێندنی باڵا جەختیشی کردەوە کە قوتابیانی چەمچەماڵ لە کرێی خوێندنی پارالێلی زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکان بۆ ئەمساڵ دەبەخشرێن و ئەو کارەش ئەرکە و هیچ بە کارێکی گەورەی نازانین.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی دا کە ئێستا کاتی بەخشینە و پێویستە هەموومان ئەرکی نیشتمانیی خۆمان جێبەجێ بکەین و لەگەڵ زیانلێکەوتووانی کارەساتەکە بوەستین.
د.ئارام محەممەد ستایشی ڕۆڵی بەرپرسانەی میدیاشی کرد و گوتی"میدیاکانمان زۆر بەرپرسانە چرکە بە چرکە دۆخ و گوزەرانی دانیشتووانی چەمچەماڵ و دەوروبەرییان دەگواستەوە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی خەڵک لە نزیکەوە ئاشنای دۆخەکە ببن و بتوانن یارمەتییان بدەن."
هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە زانکۆ ناحکوومییەکان ساڵانە بە بڕی 100 ملیۆن و 200 ملیۆن دینار لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی قوتابییان دەکەن و بە شێوەیەکی گشتیش ئەم ساڵ %20 داشکانیان کردووە بۆ قوتابیان بەر لە کارەساتەکەش.
