هەسەدە: دیمەشق وەڵامی پێشنیازی تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکانی نەداوەتەوە

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)
هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) پەردەی لەسەر سستبوونی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا هەڵدایەوە و ڕایگەیاند، سەرباری کرانەوەی دەرگای گفتوگۆکان، بەڵام پرۆسەکە رووبەڕووی وەستانێکی سیاسی و سەربازی بووەتەوە و تا ئێستاش دیمەشق بێدەنگی بەرانبەر بە یەکخستنەوەی هێزەکان هەڵبژاردووە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە نوێترین هەڵوێستیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەنجامی گفتوگۆ بەردەوامەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دیمەشق نەگەیشتووەتە هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو، بەتایبەتی لەو تەوەرانەی پەیوەستن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەشی سیاسی و میکانیزمی سەربازییەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرکردایەتی(هەسەدە)دەستپێشخەرییەکی نوێی خستووەتە بەردەم حکوومەتی سووریا کە تێیدا پێشنیازی تێکەڵکردنی هێزەکانی خۆیان لەگەڵ سوپای فەرمیی وڵاتەکە کردووە، وەک هەنگاوێک بۆ یەکخستنەوەی توانای سەربازی، بەڵام تا ئەم ساتەش دیمەشق هیچ وەڵامێکی فەرمی یان ئەرێنی بۆ ئەم پێشنیازە نەبووە.

لەگەڵ ئەوەشدا،(هەسەدە)پابەندبوونی تەواوی خۆی بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوودا دووپات کردووەتەوە، بە مەرجێک گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ناوچەکانیان و هێزەکانیان مسۆگەر بکرێت.
ئەم گرژی و ساردوسڕییە لە کاتێکدایە کە لە 10ـی ئاداری ڕابردوودا، ڕێککەوتنێک لە نێوان مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا واژۆ کرا.

 ڕێککەوتنەکە وەک نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەری کێشەکان دانرا، بەڵام لە ئێستادا هەردوولا پەنجەی تۆمەت بۆ یەکتر ڕادەکێشن و یەکتری بە جێبەجێنەکردنی بەندەکانی رێککەوتنەکە و پابەندنەبوون بە بەڵێنەکان تۆمەتبار دەکەن، ئەمەش وایکردووە ئاسۆی گەیشتن بە چارەسەرێکی کۆتایی لە نێوان باکووری ڕۆژهەڵات و دیمەشقدا هێشتا لێڵ بێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل