پارێزگاری دهۆک: ئاڵا ناسنامەی ئێمەیە و دەبێت هەموو ڕۆژێک بەرز ڕابگیرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە (17ـی کانوونی یەکەمی 2025)، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پێویستە هەر تاک و هاووڵاتییەک و هەر دامودەزگایەک لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، ئەم ڕۆژە بە نرخ و بەهایەکی جیاواز سەیر بکات."
پارێزگاری دهۆک گوتیشی: "لە هەر شوێنێک بێت، چ لە ماڵەکان بێت یان لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکان، پێویستە ئاڵای کوردستان بەرز ڕابگیرێت؛ ئەمڕۆش لە دهۆک و دەوروبەری و لە تەواوی دامودەزگا حکوومییەکان و ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکاندا، ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیراوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا عەلی تەتەر ئاماژەی بەوە دا: "وەکو تاکێکی کورد، پێمان خۆشە و ئاواتەخوازین هەموو ڕۆژێک ڕۆژی ئاڵا بێت، چونکە ئاڵا ناسنامەی ئێمەیە، بۆیە پێویستە ڕێزی لێ بگیرێت و هەموو ڕۆژێک بە شەکاوەیی بمێنێتەوە."
