بەریتانیا سزای بەسەر سێ لایەن و شەش کەسایەتی سووریادا سەپاند
حکوومەتی بەریتانیا بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران، سزای بەسەر سێ گرووپی چەکدار و شەش کەسایەتی سووریدا سەپاند و سەروەت و سامانیانی سڕ کرد.
هەینی 12ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی بەریتانیا بەتۆمەتی ئەنجامدانی توندوتیژی و دەستدرێژی بۆسەر مافەکانی مرۆڤ سزای بەسەر سێ لایەن و شەش کەسایەتی سووریادا سەپاندووە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز سزاکانی بەریتانیا بەسەر هەرسێک گرووپی؛ سوڵتان موراد، سلێمان شا و حەمزات سەپێنراوە، بەهۆی تێوەگلانیان لە ئازاردانی خەڵک و دەستدرێژی بۆسەر خۆپیشاندەران لە ڕووداوەکانی تەرتوس و لازقیە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ.
هەروەها بەشێک لە سزاکان بەسەر ئەو کەسایەتیانەدا سەپێنراون کە لە ڕووی داراییەوە هاوکاری ڕژێمی ئەسەدیان کردووە لە شەڕی ناوخۆی سووریا. هاوکات سزاکانیش پێکهاتوون لە سڕکردنی سەروەت سامانی و قەدەغەکردنی گەشتکردن.
یەڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، لێپرسینەوە و دادپەروەری بۆ هەموو سوورییەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری سووریا.
هەرچەندە پێشتر بەریتانیا بەشێک لە سزاکانی سەر حکوومەتی سووریا هەڵگرتبوو، بە تایبەت کە وڵاتەکە هەوڵی بنیاتنانەوەی دەدات، بەڵام بە گوێڕەی ئەو ئاژانسە، سزاکان لەسەر ئەو کەسانە سەپێندراوەن کە هەوڵی دروستکردنی ئاستەنگیان لە بەردەم پرۆسەی ئاشتی داوە.
