ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی: لە غەززە برسیەتی نەماوە بەڵام دۆخەکە هێشتا مەترسیدارە
ئەمڕۆ هەینی، 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەستپێشخەریی پۆلێنکردنی قۆناغەکانی ئاسایشی خۆراک 'ئای پی سی' ،لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند، کەرتی غەززە قۆناغی برسیەتی تێپەڕاندووە، ئەم گۆڕانکارییە دوای ئەوە دێت کە لە دوای ئاگربەستەکەی 10ـی ئۆکتۆبەرەوە، گەیشتنی کاروانی هاوکارییەکان و مرۆییەکان بۆ ناو کەرتەکە باشتر بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، چوار مانگ لەمەوبەر 514 هەزار کەس لە کەرتی غەززە لەژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆی برسیەتیدا بوون، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەنتوان ڕینارد، بەرپرسی بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئاماژەی بەوە کردووە کە "خواردنی دوو ژەم نان لە ڕۆژێکدا لەلایەن زۆربەی خەڵکەوە" نیشانەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ باشتربوونی دۆخەکە، هەرچەندە هێشتا گرفت لە دەروازە سنوورییەکاندا هەیە.
سەرەڕای باشتربوونی دۆخەکە، ڕوانگەی جیهانی بۆ چاودێری برسیەتی، 'ئای پی سی' هۆشداری دەدات کە دۆخەکە هێشتا مەترسیدارە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەگەر شەڕ دەستپێبکاتەوە و هاوکارییەکان بوەستن، ئەوا تا نیسانی 2026 جارێکی دیکە هەموو غەززە دەکەوێتەوە ناو مەترسی برسیەتی. ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس لە دۆخێکی "کارەساتباردا" دەژین و پێشبینی دەکرێت تاوەکو نیسانی 2026 ئەو ژمارەیە دابەزێت بۆ هەزار و 900 کەس.
هەروەها دەربارەی بەدخۆراکی ڕوانگەکە باسی لەوەکردووە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا زیاتر لە 100 هەزار منداڵی نێوان شەش مانگی بۆ 59 مانگی و 37 هەزار ئافرەتی دووگیان پێویستیان تووشی بەدخۆراکی توند بن و پێویستیان بە جارەسەر هەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، ڕۆژانە 600 بۆ 800 بارهەڵگر کە زۆربەیان 'خۆراکن' دەچنە ناو غەززە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی فریاگوزاری گومان لەم ژمارانە دەکەن و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتنی هاوکارییە پێویستەکان.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئاستەنگەکان لەسەر دەروازەکان لانەبرێن، ئەوا پرۆسەی هاوکارییە مرۆییەکان لە غەززە ڕووبەڕووی داڕمان دەبێتەوە، ئەمەش هەموو ئەو دەستکەوتانە لەناو دەبات کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە بواری ئاسایشی خۆراکدا بەدەست هاتوون.
