سنووری گەرمیان.. لەسەر کێشەی زەوی و زار 11 کەس کوژران و برینداربوون
کێشەکە کۆنە و لەنێوان دوو بنەماڵەیە کە خزمی یەکترن
ئەمڕۆ هەینی، 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەهۆی نوێبوونەوەی کێشەیەکی کۆنی نێوان دوو بنەماڵە لەسەر زەوی و زار شەر دروست بووە و 11 کەس کوژران و بریندار بوون.
ڕەفیق سابیر، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە گەرمیان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕووداوەکەی نێوان ئەم دووبنەماڵەیەدا، چوار کەس کە خەڵکی گوندی 'خاڵە بەگ'ـن کوژراون و حەوت کەسیش بریندارن کەبرینی یەکێکیان سەختە، گوتیشی، کوژراوەکان سێیان بران و ئەوەی دیکەش ئامۆزایانە.
بەگوێرەی قسەکانی خەڵکی ناوچەکە کە بۆ کوردستان24 ئاشکرایان کردووە، ناکۆکی نێوان ئەم دوو بنەماڵەیە مێژوویەکی کۆنی هەیە و لەسەر کێشەی زەوی و زار بووە، هەرچەندە لە ڕابردوودا بۆ کۆتاییهێنان بەو خوێنڕشتنە و وەک هەوڵێک بۆ ئاشتەوایی، ژنیان لە یەکتری خواستووە، بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر دیسانەوە ناکۆکییەکان لە نێوانیاندا سەری هەڵداوەتەوە و ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئەم کارەساتە مرۆییە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە چەند پیاوێکی یەکێک لە بنەماڵەکە لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا بوون و لە ڕێگای نزیک گوندی "چەمە بیسمیلا" تێپەڕیون، لەوێدا لەلایەن پیاوانی بنەماڵەی بەرامبەرەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و دەستڕێژی گولـلە یان لێکراوە. بەهۆی هێرشە کتوپڕەکە، سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە نەیانتوانیوە بەرگری لە خۆیان بکەن، کە لە ئەنجامدا چوار کەسیان کوژراون.
