ئێران بۆ ئەمەریکا: سنووردارکردنی دیپلۆماتکاران لە نیویۆرک نایاساییە
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی سەرکۆنەی بڕیارەکانی ئەمەریکا دەکات سەبارەت بە سنووردارکردنی چالاکیی نوێنەرانی وڵاتەکەی لە نیویۆرک و بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، و ئەم هەنگاوە بە دووژمنکارانە ناو دەبات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، فشارە بەردەوامەکانی واشنتن بۆ سەر دیپلۆماتکارانی ئێرانی لە نیویۆرک، پێچەوانەی سەرجەم بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکانە. ئەم ڕەفتارانەی ئەمەریکا گەیشتووەتە ئاستی ئاژاوەگێڕییەکی دوژمنکارانە دژ بە مافەکانی گەلی ئێران.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، کە ئامانجی ئەمەریکا لەم فشارانە، سنووردارکردنی ڕۆڵی ئێرانە لە پشتگیریکردنی گەلانی ژێردەستە و ڕێگریکردنە لەو سیاسەتانەی تاران کە دژ بە هەژموونی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا پەیڕەوی دەکات.
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە، کە ئێران بەردەوام ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانی وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم کاری دیپلۆماسی ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ سیاسەتەکانی واشنتن هاوڕا نین.
ڕۆژی 22ـی حوزەیران 2025، ئەمەریکا سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانی بە ئامانج گرت کە بریتی بوون لە، وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ، دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز و ناوەندیی تەکنۆلۆژیای ئەسفەهان لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو" و لەو کاتەوە هەنگاوە دیپلۆماسییەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان ڕاگیراوە.
