بکوژانی عەقیدەکەی کەرکووک ئاشکرا کران

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: بکوژانی عەقید زەید هاوکاریی خۆی بوون

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کوشتنی ئەفسەرێکی باڵا لە پارێزگای کەرکووک بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە توانراوە لە ماوەیەکی کورتدا ناسنامەی بکوژەکان و پاڵنەری پشت تاوانەکە ئاشکرا بکرێن.

ئەمڕۆ هەینی، 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، بە هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەدواداچوونی ئەو تیمەی ڕاسپێردرابوو بۆ لێکۆڵینەوە، وردەکارییەکانی ڕووداوی کوشتنی عەقید زەید عادل سەبیح لە پارێزگای کەرکووک ئاشکرا کرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، عەقید (زەید عادل سەبیح) لەلایەن دوو هاوکاری خۆیەوە کە کارمەندی پۆلیسن، کوژراوە، لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری تاوانەکە پەیوەندی بە تیرۆرەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی "ناکۆکییەکی کەسی و تاوانکاری" بووە لە نێوان عەقیدەکە و ئەو دوو کارمەندەدا.

هێزە ئەمنییەکان دوای ناسینەوەی ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکان، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنیان دەستپێکرد توانیان پەردە لەسەر ڕووداوەکە هەڵماڵن، کە یەکێک لە تۆمەتبارەکان پێش دەستگیرکردنی، لە ناوچەی (لەیلان) لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. تۆمەتباری دووەمیش کە برای خۆکوژەکەیە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەدا ناوە.

کوشتنی عەقید زەید عادل

ئەمڕۆ هەینی، 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24، لە کەرکووک ڕایگەیاند، عەقید زەید عادل بەڕێوەبەری پێشووی بنکەی پۆلیسی عەرەفە و ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە لە گەرەکی عەرەفەی کەرکووک، بەدەستڕێژی گولـلە کوژرا.

لەلای خۆیەوە، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک هەواڵەکەی بۆکوردستان 24، پشتڕاستکردەوە، ئاماژەی بەوە دا، لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە دەستی پێکردووە، بەڵام زانیاری زیاتری نەخستەڕوو.

عەقید زەید عادل کریستیانە و باوکی سێ منداڵە، لە نێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری کرۆلا لەپێش ماڵەکەی خۆی تەقەی لێکراوە، هەروەها گولـلەیەک بەرسینگی کەوتووە و  گوللەیەکیش بەرملی کەوت، پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل