سووریا: هەڵگرتنی یاسای قەیسەر بۆ گەشەی ئابووری و بنیاتنانەوەی وڵات گرنگە

وەزارەتی دەرەوەی سووریا پێشوازی لە بڕیاری هەڵگرتنی یەکجارەکی سزاکانی یاسای قەیسەر کرد و وەک وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و بنیاتنانەوە لە وڵاتدا وەسفی کرد.

هەینی، 19ـی کانوونی یەکەمی 2025 وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا خۆشحاڵی خۆی بۆ هەڵگرتنی یەکجارەکی سزاکانی "یاسای قەیسەر" دەربڕی. حکوومەتی سووریا جەختی کردەوە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی سووککردنی ئەو بارگرانییە دارایی و مرۆییەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی سزاکانەوە کەوتبووە سەر شانی هاووڵاتییانی وڵاتەکە و ڕێگە بۆ بووژانەوەی کەرتە جیاوازەکانی ژیان خۆش دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، سووریا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەمەریکا کرد بۆ ئەم هەنگاوە، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەشی کرد کە لە ڕێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیانەوە پاڵپشتییان لە کۆتاییهێنان بەم سزایانە کردووە، بە مەبەستی پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا ستایشی خۆڕاگری گەلی سووریای کرد لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، کە لە ژێر بارودۆخێکی سەختدا بەرگرییان لە مافی ژیانێکی شکۆمەندانە کردووە. هاوکات بانگەوازێکی ئاراستەی هەموو سوورییەکان و وەبەرهێنەرانی وڵاتانی دۆست کرد، کە بەشداری بکەن لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی وڵات و گەڕان بەدوای دەرفەتە نوێیەکانی وەبەرهێناندا.

هەروەها سووریا پابەندی خۆی بە هەنگاوە نیشتمانییە بەرپرسیارەکان و کرانەوە بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دووپات کردەوە، بە جۆرێک کە سەقامگیری ناوچەیی بەهێز بکات و پێگەی سووریا لەسەر ئاستی عەرەبی و جیهانی بگەڕێنێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

دوێنێ کۆنگرێسی ئەمەریکا بە فەرمی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی یاسای قەیسەری پەسەند کرد، ئەم بڕیارە کە لە چوارچێوەی ستراتیژی بەرگریی ئەمەریکادا بە دەنگی 77 سیناتۆر پەسەند کرا، دەرگا بۆ گەڕانەوەی وەبەرهێنانی بیانی و ئاوەدانکردنەوەی سووریا دەکاتەوە.

یاسای قەیسەر کە لە ساڵی 2019 و لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕژێمی پێشووی سووریا سەپێنرابوو، کۆسپێکی گەورە بوو لە بەردەم سیستەمی بانکی و ئابووریی سووریادا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل