عەممار حەکیم: دەبێت لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ پەلە بکرێت

عەممار حەکیم: قەبووڵ ناکەین چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت وەک ئامرازێکی فشار و هەڕەشە بەکاربهێندرێت

عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە
عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە

سەرۆکی ڕەوتی حیکمە داوا دەکات پەلە لە پێکهێنانی حکوومەتێکی "کارا و هاوسەنگ" بکرێت کە دۆسیەی ئابووری لە پێشینەی کارەکانی بێت، جەختیش دەکاتەوە دەبێت بڕیارە سیاسییەکان تەنیا عێراقی بن و دوور بن لە هەر فەرمان و دەستتێوەردانێکی دەرەکی، هاوکات نابێت هیچ هێزێک چەک بۆ فشارخستنە سەر لایەنە سیاسییەکان بەکاربهێنێت.

هەینی 19ی کانوونی یەکەمی 2025، عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "بەرپرسیارییەتی ئێمە ئێستا دوو هێندە بووە، لە پاراستنی ناوخۆیی و تێگەیشتن لە داواکارییەکانی دەرەوە، هەروەها پاراستنی هاوسەنگی بە عەقڵییەتێکی دەوڵەتداری نەک بە کاردانەوە، شتێکی گرنگ هەیە کە ئێمە ناتوانین بە بێ ئەوە کار بکەین، ئەویش ناوی دەوڵەتە، ئێمە دەبێت بە هەیبەتی دەوڵەتەوە کار بکەین، چونکە ئەمە شتێک تەنیا دروشم بێت، بەڵکوو دەوڵەت یاساییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت.

گوتیشی: بەگوێرەی دەستوور و ڕێنماییەکانی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی، دەبێت یاسا لە سەرووی هەمووانەوە بێت و چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، گوتیشی،"قبووڵ ناکەین چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بێت و وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر ئێمە و برایانمان بەکاربهێنرێت.

حەکیم ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە بڕیارە نیشتمانییەکان بە ئیرادەی عێراقییەکان خۆیان بێت و بەرژەوەندی وڵات بخرێتە پێش هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەوە. داواشی کرد ڕێز لە ماوە دەستوورییەکان بگیرێت و پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکوومەت، چونکە بە گوتەی ئەو قبووڵکراو نییە بە پێشێلکاری دەستووری و پەکخستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت، دەست بە بنیاتنانی قۆناغێکی نوێ بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا گوتی:"ئێمە لە حکوومەتی داهاتوودا سەرۆک وەزیرانێکمان دەوێت کە بە کار و پرۆژەکانی خزمەتی هەموو گولی عێراق بکات، دەبێت خاوەنی بریار بێت و هەمووان بە یەکسانی ببینێت، هەروەها سەرۆک حکوومەتێکمان دەوێت کە لە هیچ قەیرانێک ڕانەکات و بە ئازایەتی دەوڵەتمەدارییەوە ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە و تێیانبپەڕێنێت، نابێت لاواز بێت و لە سەر بەرژەوەندی گەلەکەی سازش بکات". 

عەمار حەکیم گوتیشی:"جەنگی ڕاستەقینەی ئێمە ئابوورییە، بۆیە دەبێت لە حکوومەتی داهاتوودا چاودێری سەرجەم ئەو کارانە بکرێت کە لە رووی ئابوورییەوە کاریگەری دروست دەکەن، نابێت ڕێگە بدرێت سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە چیتر بەهەدەر بڕوات، هاوکات دەبێت گرنگی بە کەرتی کشتووکاڵ و گەشتیاری بدرێت". 

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە سەرنجی خستە سەر مافی گەل لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و گوتی: "خەڵک لە سندووقەکانی دەنگدان قسەی خۆی کردووە و مافی خۆیەتی ئەنجامی دەنگدانەکەی بۆ سەقامگیری، بنیاتنان و ڕێککەوتن وەربگێڕدرێت،هەروەها داوای لە حکوومەتی داهاتوو کرد کە دۆسیەی ئابووری بکاتە خاڵی سەرەکی و بنەڕەتی کارەکانی.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل