بازاڕی پیرەژنان لە شارۆچکەی سۆران یەکێکە لە قەرەباڵغترین بازاڕەکان

بازاڕی پیره‌ژنان له‌ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، یەکێکە لە قه‌ره‌باڵغترین بازاڕ، ده‌مه‌و ئێواران جمه‌ی دێت له ‌كڕیار، هه‌رچه‌ندە كه‌شه‌كه‌ ساردبێت، به‌ڵام  بازاڕی كڕین و فرۆشتن گه‌رمه‌، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ بازاڕه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ی ناوه‌كه‌ی خۆیه‌تی، کە پێی ده‌گوترێت بازاڕی پیره‌ژنان، چونکە فرۆشیاران و ته‌نانه‌ت كڕیارانیش لە توێژی گه‌نجانن.

نێچیروان محەممەد، فرۆشیارە و لە بازاڕەکە کار دەکات، بە کوردستان24ـی گوت: "بە هۆی هەرزانی نرخی کاڵا و شتومەکەکان ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانی ئەم بازاڕە دەکەن، بە تایبەت کاتێک گەشتیار دێنە شارۆچکەی سۆران، ڕاستەوخۆ دێن سەردانی ئەم بازاڕە دەکەن، چونکە بازاڕێکی سادە و جوانە، هەروەها هەموو شتێک لێرە نرخەکەی کەمترە بەراورد بە بازاڕەکانی دیکە".

كه‌مال وه‌رتی، یەکێکی دیکەیە لە کاسبکارانی ئەم بازاڕە و دەڵێت: "ئەم بازاڕە ناوەکەی لەوەوە هاتووە سەردەمانێک ئافرەتە بەتەمەنەکان دەهاتنە ئەم بازاڕە و ماستیان دەفرۆشت، لە هەمان کاتدا پارەی ماستەکەیان دەدایەوە بە کەل و پەل و پێداویستی رۆژانەیان، بۆیە تاوەکو ئێستاش بەم بازاڕە دەڵێن بازاڕی پیرەژنان. 

بازاڕی پیرەژنان لە شارۆچکەی سۆران بازاڕێكی میللیه‌، کاتی  ئێواران جمه‌ی دێت له ‌كڕیار، زۆربەی ئەو کەسانەی سەردانی بازاڕەکە دەکەن بە تەمەن گەنجن، هەروەها زۆربەی ئەو کاڵا و پێداویستیانەی لەم بازاڕە دەفرۆشرێن پێداویستی ئافرەتان و منداڵانن. 

شه‌یما له‌تیف، هاووڵاتییەکی شارۆچکەی سۆران، دەڵێت، "زیاتر ئەم بازاڕە تایبەتە بە ئافرەتان و هەموو پێداویستییەکانمان لێرە دەست دەکەوێت، هاوکات نرخی کەل و پەلەکان لێرە هەرزانترن.

فرمێسك له‌تیف، کڕیارە و سەردانی بازاڕەکەی کردووە، دەڵێت، "ڕاستە بازاڕەکە ناوی بازاڕی پیرەژنانە، بەڵام زۆربەی ئەو کەسانەی دێنە ئێرە کەسانی گەنجن، بازاڕێکی خۆش و قەرەباڵغە، هەرزانی کاڵا و شتومەکەکانیش زیاتر ئێرەی قەرەباڵغتر کردووە. 

بازاڕی پیره‌ژنان ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی ‌شارۆچكه‌ی سۆرانی ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 28 ساڵه‌ درووست کراوە، جگه‌ له‌دانیشتوانی سۆران و دەوروبەری، گه‌شتیارانیش به‌تایبه‌ت له‌ڕۆژانی پشوودا ڕووی تێده‌كه‌ن.  

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل