سەرۆکی سووریا: ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی سووریایەکی بێ سزایە
سەرۆکی سووریا: ئێستا کاتی بنیاتنانەوەیە
سەرۆکی سووریا، لە گوتارێکدا کە لەسەر لووتکەی چیای قاسیۆن لە بەردەم دیمەشقی پایتەخت پێشکەشی کرد، بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی قەیسەری بەسەر وڵاتەکەی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە وڵاتەکە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی گەشەسەندن و ئاوەدانکردنەوە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە دەستپێکی گوتارەکەیدا پیرۆزبایی لە گەلی سووریا کرد و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هەینی، 19ی کانوونی یەکەمی 2025 یەکەم ڕۆژی سووریایە بێ گەمارۆ و سزای نێودەوڵەتی. ئەم دەستکەوتە بەرهەمی 14 ساڵ خۆڕاگری، ئارامی و قوربانیدانە. هەروەها ڕێزی لە یادی شەهیدان و ئەو کەسانە گرت کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی جەنگ و ئاوارەییەوە تووشی مەینەتی بوون.
لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا، سەرۆکی سووریا سوپاسی تایبەتی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ئەمەریکا و ئەندامانی کۆنگرێس کرد بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی گەلی سووریا و بڕیاری مێژوویی هەڵگرتنی سزاکان بە تایبەت یاسای قەیسەر.
هەروەها سوپاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ، شازادەی سعوودیە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی قەتەر تەمیم بن حەمەد و سەرجەم وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی و ئەوروپی کرد کە لە قۆناغی گواستنەوە و جەنگدا پشتیوانی سووریایان کردووە.
ئەحمەد شەرع ڕوو لە گەلی سووریا کرد گوتی: سەردەمی ئازار و مەینەتی کۆتایی هات و ئێستا کاتی بنیاتنانەوەیە. دەست لەناو دەست، ئەم نیشتمانە بنیات دەنێینەوە تاوەکوو بگەینە بەرزترین ئاستی گەشەسەندن.
دوێنێ کۆنگرێسی ئەمەریکا بە فەرمی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی یاسای قەیسەری پەسەند کرد، ئەم بڕیارە کە لە چوارچێوەی ستراتیژی بەرگریی ئەمەریکادا بە دەنگی 77 سیناتۆر پەسەند کرا، دەرگا بۆ گەڕانەوەی وەبەرهێنانی بیانی و ئاوەدانکردنەوەی سووریا دەکاتەوە.
یاسای قەیسەر کە لە ساڵی 2019 و لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕژێمی پێشووی سووریا سەپێنرابوو، کۆسپێکی گەورە بوو لە بەردەم سیستەمی بانکی و ئابووریی سووریادا.
