چەکدارانی سەر بە ئیسرائیل، حەماس لە داهاتووی خۆی نیگەران دەکەن
چەکە نوێیەکانی دەست ئەو گرووپە چەکدارانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای ئیسرائیلدا چالاکن، بوونەتە مایەی سەرسووڕمانی خەڵک و نیگەرانیی بزووتنەوەی حەماس.
شەممە، 20 کانونی یەکەم، 2025، ڕۆژنامەی 'شەرقولئەوسەت' لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "چەند گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دیمەنی چەکی تازە بەدەست ئەو گرووپە چەکدارانەوە نیشان دەدەن، کە خۆیان بۆ جێگرتنەوەی حەماس، لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە ئامادە دەکەن و ئێستا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای ئیسرائیلدا، چالاکن."
بیروڕا دەربارەی سەرچاوەی ئەو چەکانە، جیاوازن، هەندێک لایانوایە، ئەو چەکانە، هی بزووتنەوەی حەماسن و سوپای ئیسرائیل لەکاتی شەڕی غەززەدا دەستی بەسەردا گرتوون و بەشێکی داوەتە ئەو گرووپانە. هەندێکی دیکەش دەڵێن: ئەو چەکدارانە، چەکەکانیان لە تونیلە چۆڵکراوەکانی 'حەماس'دا دۆزیوتەوە، دوای ئەوەی توانای سەربازیی حەماس بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و کوژرانی زۆرێک لە سەرکردە دیارەکانی، لاواز بووە.
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، غەسان ئەلدهێنی، فەرماندەی گرووپی 'هێزە میللییەکان'ی نەیاری حەماس دەردەکەوێت کە مووشەکهاوێژێکی جۆری 'تاندۆم'ی بە دەستەوەیە؛ ئەو مووشەکهاوێژە، پێشتر لە لایەن چەکدارانی حەماسەوە بەکار دەهێنرا.
ئەو گرووپە چەکدارانە، نکۆڵی لەوە ناکەن لە لایەن ئیسرائیلەوە هاوکاریی دەکرێن. پێشتریش، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، ئەوەی بە ئاشکرا ڕاگەیاندبوو.
شەوقی ئەبو نەسیرە، کە ئەفسەرێکی پێشووی هەواڵگریی فەڵەستین بوو و ئێستە فەرماندەیی یەکێک لەو گرووپە چەکدارانە دەکات، بە کەناڵی تەلەڤزیۆنی 14 ـی ئیسرائیلی گوت: ئیسرائیل چەک و خواردەمەنی و پارەمان دەداتێ و هاوکارییەکی ئەمنیی باشمان لە نێواندا هەیە.
کێشەی سەرەکی حەماس، تەنیا ئەو چەکانە نییە، بەڵکوو، خۆ ئامادەکردنی ئەو گرووپانەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا، بە پشتیوانیی ئیسرائیل، ئەرکی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە وە ئەستۆوە بگرن؛ ئەمەش مانای کۆتایی ڕۆڵی سیاسی و سەربازیی حەماسە.
