عراقچی و کوپەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمییان تاوتوێ کرد

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و بەریتانیا پرسی بەرنامەی ئەتۆمی و برەودان بە پەیوەندیی و لێکتێگەیشتنەکانی نێوانیان تاوتوێ کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە لەگەڵ یەڤیت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

بە گوێڕەی ڕاگەیەندراوەکە، هەر دوو وەزیر جەختیان بەردەوامیدان بە ڕاوێژکردن و برەودان بە لێکتێگەیشتنەکان، چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرژەوەندی هاوبەش بدەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت: عراقچی گلەیی لە هەڵوێستە نابەرپرسیاری بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە بەرانبەر بەرنامەی ئەتۆمی تاران کردووە.

ئاژانسی فرانس پرێس، لە زاری سەرچاوەیەک لە حکوومەتی بەریتانیا بڵاو کردووەتەوە، کوپەر جەختی لە ڕێگە چارەسەری دیپلۆماسی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و کێشەکانی دیکە کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کردووە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا باسی لە دوو دەستگیرکراوە بە ڕەگەز بەریتانییەکان کردووە کە بە تۆمەتی سیخوڕی لەلایەن ئێرانەوە نزیکەی ساڵێکە دەستگیر کراون؛ هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە هیچ شێوەیەک باسی ئەو بابەتە نەکراوە.

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ی ئاب پرۆسەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێران (سناپباک)یان چالاک کردەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندیی ڕێککەوتنی 2015ی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل