شەوی چلە، کولتوورێکی دێرینی کوردەواری

لە پارێزگای کرماشانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێوڕەسمی شەوی چلە، درێژترین شەوی ساڵ و دەستپێکی وەرزی زستان، بە شێوازی دێرینی کوردەواری بەڕێوە دەچێت.

شەممە، 20 کانونی یەکەم، 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە شەوی چلە، بڵاو کردووتەوە، تێیدا هاتووە "بەلای دانیشتووانی پارێزگای کرماشانەوە، شەوی چلە، تەنیا سەرەتای وەرزی زستان و درێژترین شەوی ساڵ نییە، بەڵکوو سیمبوڵی ململانێی نێوان ڕووناکی و تاریکییە. شەوێک، کە هەمووان پێکەوە، بە دەم گێڕانەوەی چیرۆک و چڕینی هۆرە و خواردنی شەوچەرەوە، چاوەڕێی هەڵاتنی خۆر و دەستپێکی ڕۆژێکی نوێ دەکەن. لەو شەوەدا بەسەرهات و ڕووداوە مێژووییەکانی خۆیان، بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگێڕنەوە تاوەکوو وەک گەنجینەیەکی دێرینەی کوردەواری بیانپارێزن."

لە گوندەکانی پارێزگای کرماشان، خەڵک تا بەیانی نانوون و ئاگر و چرای ماڵەکانیان ناکوژێننەوە؛ ئەوان بە ئارامی و شادییەوە خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرما و سەختیی زستان ئامادە دەکەن. لە فەرهەنگی کوردەواریدا، شەوی چلە، تەنیا جەژنێک نییە، بەڵکو بەشێکە لە جیهانبینی مرۆڤی کورد بۆ درێژەدان بە ژیان.

گێڕانەوەیەکی کۆن لە سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر تاریکیدا

ڕەزا مەوزوونی، نووسەر و لێکۆڵەری کرماشانی، لە گۆشەنیگای کۆمەڵناسییەوە دەڕوانێتە شەوی چلە و دەڵێت: لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران، بەم شەوە دەڵێن شەوی یەڵدا، بەڵام ئەمە وشەیەکی ڕەسەنی ئێرانی نییە و نابێت تێکەڵ بە بیروباوەڕی کۆنینەی کورد بکرێت. 

بە بۆچوونی مەوزوونی، شەوی چلە، پێشتر پێی گوتراوە (لەدایکبوونی مەزن) واتە دووبارە لەدایکبوونی خۆر. چونکە پاش ئەم شەوە، ئیتر شەوگار کورت دەبنەوە و ڕۆژگار درێژ.

ئەو نووسەرە، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لە سەردەمانی کۆندا، خەڵک بڕوایان وابووە بە هەڵکردنی ئاگر و نەنووستن تا بەیانی، یارمەتی خۆر دەدەن. لەو شەوەشدا زیاتر ئەو خۆراکانەیان خواردووە کە ڕەنگیان سوور بووە، وەک هەنار و شووتی و سێوی سوور. 

مەوزوونی، ڕوونی دەکاتەوە "ئەو کەسانەی سەرپەرشتیی ئاگرکردنەوە و چاودێریی ئاگرەکەیان کردووە، پێیان گوتراوە 'ئاتوریات' یان 'ئاگریات' یانی پاسەوانی ئاگر. لە کولتووری کوردیدا نە وشەی 'یەڵدا' هەیە و نە ئەفسانە و چیرۆکێک بە ناوی یەڵدا هەیە؛ ئەم شەوە پێی دەگوترێت 'شەوی چلە' کە هەم مانای سەرما دەدات و هەم مانای ماوەیەکی درێژی وەرزیی دەدات وەک چلەی زستان و چلەی هاوین. هەروا ژمارە چل، لە ئەفسانە و داستانەکانی ئێمەی کورددا مانایەکی تایبەتی هەیە، وەک ئەفسانە چل مێران و چلەی منداڵ." 

ئەم لێکۆڵەرە، دەشڵێت: چلەی گەورە لە 22 کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و بۆ ماوەی 40 ڕۆژ تاکوو 30 کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت. لەو ماوەیەشدا سەرما و سۆڵەی زستان دەگاتە ئەوپەڕی سەختی.

 

شەوچەرە، کۆبوونەوەی مەعنەوەی خەڵک

مەوزوونی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: جاران، خەڵک لە شەوی چلەدا کۆ دەبنەوە و 'شەوچەرە' ئامادە دەکەن؛ ئەو خۆراکانەی کە دەتوانرا وشک بکرێنەوە و هەڵبگیرێن وەک مێوژ، برێشکە، قەیسی، تۆوی کولەکە، گوڵەبەڕۆژە و تووی وشک کە تێکەڵ دەکران. لە کۆندا شووتی بە دەگمەن لە ماڵەکاندا دەست دەکەوت، چونکە وەرزی نەبوو؛ هەرچەندە هەندێک خێزان دوایین شووتیی ساڵیان بۆ ئەم شەوە هەڵدەگرت.

هۆرە، مەتەڵ و یارییە کۆنەکان

لووتکەی شەوی چلە لە فەرهەنگی کوردیدا، لایەنە مەعنەوییەکانییەتی؛ شوێنێک کە ماددیات کاڵ دەبووەوە. مەوزوونی ڕوونی دەکاتەوە "لەم شەوەدا، ئەو کەسانەی کە بە 'هۆرەچڕ' ناسراو بوون، وەک سەید قولی، یان خوالێخۆشبوو عەلی نەزەر، کۆ دەبوونەوە و هۆرەیان دەچڕی و هەمووان بە ڕێزەوە گوێیان بۆ دەگرت و هەندێک جار تۆماریان دەکرد."

دوای ئەوە، یەکێک لە ژنە بەساڵاچووەکان یان داپیرەکان مەتەڵ و هەینامی (موعەمما) یان بە ناوی "چوچە" دەڵین؛ ئەم مەتەڵانە هەندێک جار ئەوەندە سەختن کە هەندێک جار، وەڵامەکەیان تا ساڵی دواتر نادۆزرێتەوە. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە منداڵانیش لەم بەشەدا بەشداریی دەکەن. پاشان نۆرەی یارییەکانی وەک "زەڕەمشتەکی" یان "گوڵ و پوچ" دێت. زەڕەمشتەکی یارییەکی کۆن و مێژوویییە کە دەوترێت هی پاشاکان بووە، تێیدا شتێکی بەنرخ لەناو دەستدا دەشاردرایەوە و هەرکەس بیدۆزیایەتەوە خەڵاتی وەردەگرت. ئەم یارییە ڕۆڵێکی گرنگی لە بەهێزکردنی زیرەکیی منداڵاندا هەیە.

جاران، لە زۆرێک لە گوندەکاندا، مەلا یان میرزا، شەونشینییەکەیان بە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی شانامە، شیرین و فەرهاد یان شانامەی کوردی درێژە پێ دەدا تا منداڵان خەویان لێ دەکەوت.

فاڵ، پەند و ئەفسانەکانی زستان

فاڵی شەوی چڵە لە هەندێک ناوچە وەک مایدەشت و ناوچە لەکنشینەکان ڕێوڕەسمی "چل سەرو" یان "چل سروود" بەڕێوە دەچێت؛ سەرەتا سەڵاوات لێ دەدەن، پاشان هەر کەسێک بەیتێک شیعری دەخوێنێتەوە تا نۆرە دەگاتە کەسی چلەم؛ شیعری کەسی چلەم وەک فاڵی کۆمەڵەکە (مەجلیسەکە) هەژمار دەکرێت.

ڕێوڕەسمی "چل سەرو" بەم شێوەیەیە کە کۆمەڵێک لە گەورەکانی خێزان لە 'شەوی چلە' کۆ دەبنەوە و دوای نییەت و سەڵاوات، کەسێک ئەرکی بەدەستەوە گرتنی تەزبیحێکی چل دەنکەی پێ دەسپێردرێت و دوور لەوانی دیکە دادەنیشێت و چەند دەنکێکی سەرەتا بە ناوی پیرۆزی خوا، محەممد و عەلی، جیا دەکاتەوە و پاشان کۆمەڵەکە کە زۆربەیان کەسانی بەئەزموونن بە نۆرە دەست دەکەن بە خوێندنەوەی بەشێک لەو بەیت و شیعرانەی کە هەر بەم ناوەوە (چل سەرو) ناسراون و زیاتر بە زاراوەی پاراو و شیرینی 'لەک'ین.

لەو نێوەندەدا ئەو کەسانەی "سەرو" دەخوێنن ئاگاداری ژمارە و چۆنیەتی دەنکەکانی تەزبیحەکە نین، هەتا کاتێک کە دوایین دەنک واتە چلەمین دەنکی تەزبیحەکە جیا دەکرێتەوە، کەسی بەرپرس ڕایدەگەیەنێت کە ئەمە دەنکی چلەمە و ئەو سروود و بەیتەی کە چلەمین بەیت بووە بە دەنگی بەرز بۆ هەمووان دووبارە دەکرێتەوە و کەسەکە ئەو بەیتە تا کۆتایی دەخوێنێت و ئەوانی دیکە دەست دەکەن بە تەفسیر و لێکدانەوەی ئەو بەیتە.

مەوزوونی زیادی کرد: هەروەها لەم شەوەدا "مەتەڵ"ەکان یان هەمان پەند و چیرۆکەکان دەگێڕرێنەوە؛ گەنجینەیەک کە لە فەرهەنگی کوردیدا نزیکەی 500 مەتەڵ هەبووە و بەداخەوە بەشێکیان لەناوچوونە.

دوای خەوتنی منداڵان، پیاوان تا بەیانی بەئاگا دەمێننەوە تا ئاگر نەکوژێتەوە و بەم شێوەیە پێشوازیی لە زستانێکی گەورە و ئەفسانەیی دەکەن. 

بە وتەی ئەم توێژەرە، شەوی چلە لە فەرهەنگی کوردیدا تەنها شەوێک نییە، بەڵکو نەریتێکی ڕیشەدار و پڕ لە ئەفسانە، هاودەنگیی کۆمەڵایەتی و هیوا بە سەرکەوتنی ڕووناکییە؛ میراتێک کە هێشتا دەتوانێت بۆ ئەمڕۆی ئێمە ئیلهامبەخش بێت.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل